چۆن تێچونی به‌نزینی ئۆتۆمبیل كه‌م ده‌كرێته‌وه‌

106 views 11 كانونی یه‌كه‌م 2015

Advert test

بێگومان ئۆتۆمبێل بووە بە پێداویستییەکی سەرەکی ھەموو تاک و خێزانێک، بەنزینیش بەراورد بە ئاستی داھاتی خەڵکی ھەرێم زۆر گرانە، بۆیە پێویستمان ئەنجامدانی چەند کارێک ھەیە تا توانین مەسرەفی بەنزین کەم بکەینەوە. لە ھەرێمی کوردستان کێشەی کەمی بەنزین و گرانیی نرخەکەی ھەیە، بە پێی ئاماری وەزارەتی گواستنەوەی ھەرێمی کوردستان، لە سەرووی (٢ ملیۆن) ئۆتۆمبێل لە کوردستان بوونیان ھەیە، نەبوونی سیستمێکی ھاتووچۆی گشتی مۆدێرن لە ھەرێم، ھەر لە ناو شارەکان تا دەگات بە دەرەوەی شارەکان، وای کردووە خەڵک پەنا ببنە بەر بەکارھێنانی ئۆتۆمبێلەکانیان ئەگەر بۆ کارێکی بچوک و زۆرجاریش ناپێویست بوبێت، ئەمەش ئاستی بەکارھێنانی بەنزینی لە ھەرێمی کوردستان بردۆتە ئاستی بەکارھێنانی بەنزین لە وڵاتێک کە دوو یان سێ ئەوەندەی ھەرێم ئۆتۆمبێلی تێدا بێت. کێشەیەکی دیکەی بەنزین لە ھەرێم گرانی نرخەکەیەتی، بۆ نمونە لە وڵاتێکی وەک قەتەر یان سعودیە یان ئەمریکا، بەراورد بە داھاتی ساڵانەی تاک لەو وڵاتانە، نرخی بەنزین تەنھا (١٠%)ی ئەو نرخەیە کە لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، یان وڵاتێکی وەک فەنزوێلا وەربگرین، کە نزمترین نرخی بەنزینی لە جیھاندا ھەیە و نرخی لیترێک بەنزین لە فەنزوێلا تەنھا یەک سەنتە، واتە بە تەنھا یەک دۆلار دەتوانین (١٠٠) لیتر بەنزین بکڕین. ئەمەش چەند رێنماییەکی سادەن، کە لە ئەجامی لێکۆڵینەوەی وردی زانستی ئاشکرا کراون و بە ئەنجامدانیان دەتوانین ئەگەر بە شێوەیەکی رێژەییش بێت، ئاستی مەسرەفی بەنزین کەم بکەینەوە: – کەمی ھەوای تایەکان تا (٧٠%) مەسرەفی بەنزین زیاد دەکات، بۆیە تا پێت دەکرێت مەھێڵە تایەکان کەم ھەوا بن، ھەرچەند ھەوای زیادیش ئەگەری تەقینی لێدەکرێت بە تایبەت لە ھاوینان و تاسەی ئۆتۆمبێلەکەشت رەقتر دەکات، بۆیە پرس بە کەسانی شارەزا بکە و بە لێخوڕین و ھەڵسەنگاندن بزانە چەند پاوەن ھەوا بۆ تایەکانت گونجاوە. – نا ھاوسەنگی یان لەرزین (باڵانس و میزانیە) دەکرێت تا (١٠%) مەسرەفی بەنزین زیاد بکەن، بۆیە ھەستت بە یەکێک لەوانە کرد بەخێرایی رێکی بخەرەوە. – کارپێکردنی تەبرید بە شێوەیەکی گشتی (٢ تا ٣ HP) لە ھێزی مەکینە کار دەکات، بەوەش مەکینە پێویستی بە سوتەمەنی زیاترە بۆ دەرکردنی ھێزی پێویست، بە پێی لێکۆڵینەوەکانیش، کارپێکردنی تەبرید لەناو شاردا (٢٠%) و لە رێگا خێراکانیشدا (٣%) زیاتر بەنزین دەسوتێنێت. – شێوازی لێخوڕین کاریگەریی تەواوی ھەیە لەسەر سواتنی بەنزین، بۆ نمونە: ئەو شۆفێرانەی بەردەوام خێرایی ئۆتۆمبێلەکانیان بەرز و نزم دەکەنەوە، (٢٠%) خەرجی بەنزینیان زیاترە لەوانەی کە بە ئارامی و ھاوسەنگی لێدەخوڕن، بۆیە پەلەپەل و خێرایی و ئیستۆپی زۆر، پێوستی بە وزە و سوتەمەنی زیاترە. یان بڵێین ئەو ماوەیەی کە بە یەک لیتر بەنزین دەیبڕیت بە خێرایی (١٣٠) کیلۆمەتر/ سەعات، (٧٠%)ی ئەو ماوەیەیە کە ھەمان بڕ بەنزین و بە خێرایی (٩٠) کیلۆمەتر بۆ سەعات دەیبڕیت، واتە ئەگەر بەنزینت کەم پێیە و دەتەوێت بگەیت بە بەنزینخانەیەک، ئەوا خێراییەکەت بۆ خوار (٩٠) کەم بکەرەوە. – ھۆکارگەلی دیکە زۆرن بۆ زیاد سەرفکردنی بەنزین، ھەر لە پیسی رۆن یان فلتەرەکانی ھەوا و رۆن، تا دەگات بە کێشەی کارەبایی و میکانیکی، کە لێرەدا ناتوانرێت باس بکرێت و بۆ چارەسەر کردنیان پێویستە سەردانی کەسانی شارەزا بکەیت