ده‌وڵه‌تی لاواز

90 views 13 ئازار 2016

Advert test

دەوڵەت بەمانای ئەوەی ناوچەیەک کە دانیشتووانێکی هەیەو لەمێژەوە پێکەوە دەژین و بڕیاریان داوە ملکەچی دەسەڵاتێک بن کە نوێنەرایەتییان بکات و لەوانیشەوە شەرعییەتی وەرگرتبێت، ئەو شەرعییەتەش لەڕێی دامەزراوە حکومییەکانەوە مومارەسە بکرێت تاوەکو بەرژەوەندییەکانی ئەو دانیشتووانە دەستەبەر بکات و خاوەن هێزی پاراستنی ئەو دەوڵەتە بێت و یاسا جێبەجێ بکات و دانپێدانانی کۆمەڵگەکەی خۆی و نێودەوڵەتی بەدەست بێنێت. ئەوەی سەرەوە قسەیەکی گشتیییە لەسەر بونیادی دەوڵەت، گریمانەکەمان لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە، ئەگەر هەموو مەرجەکانی دەوڵەتیشی تێدا فەراهەم بێت، بەڵام ئەو دەوڵەتە رەنگە زۆر لاواز بێت. کەواتە دەوڵەتی لاواز چییە؟ سێ توخمی سەرەکی دەوڵەت دیاری دەکەن بەوەی ئایا ئەو دەوڵەتە بەهێزە یان لاوازە، ئەوانیش، سیادە، شەرعییەت و ئابوورییە. سیادەی دەوڵەت بەسەر خاک و سامان و پاراستنی ئاسایشی ناوخۆو دەرەوەی، یەک لەدیاردەکانی بەهێزی دەوڵەتە، پێچەوانەکەیشی، ئەگەر دەوڵەت ئەو سیادەیەی لەدەستدا، ئەوا نەک هەر بەدەوڵەتێکی لاواز ئەژمار دەکرێت، بەڵکو دەوڵەتێکی شکست خواردووەشە، سوریاو لوبنان و عیراق و سۆمال و لیبیا بە نموونەی دەوڵەتی لاواز و شکست خواردوو دادەنرێن. شەرعییەت، پرسێکە بەدەسەڵات و داننان بەو دەسەڵاتەو سیستمی بەرهەمهێنانییەوە پەیوەستە، پەیوەندیی نێوان شەرعییەت و دانپێناندا، پەیوەندییەکی رەهایە، ئەویش وەلاو ئینتیمای بۆ دروست دەکات. دەسەڵات شەرعییەتی لەدەست دەدات، ئەگەر هاتوو لەڕێگەی زاڵبوونەوە بێت و بەو رێگەیەش لەحکوم بەردەوام بێت و ئامرازەکانی توندوتیژی بۆ مانەوەی خۆی بەکاربهێنێت، هەروەها شەرعییەتی لەدەست دەدات، کاتێک هاووڵاتیانی وەک دەسەڵاتێکی گەندەڵ کە پارەی گشتی دەهاڕێت و رێگری لەپێشکەوتنی کومەڵگەکەی بکات، تەماشای بکەن، زاڵبوون و خۆسەپاندن دانپێدانان و کۆدەنگیی لەسەر شەرعییەتدان بەو دەسەڵاتە مەحروم دەکات، دەکەوێتە بەرەی دژ بە کۆمەڵگەو خەمەکەی دەبێتە ئەوەی چۆن بەزۆر خۆی بسەپێنێت، لەڕوانگەی هاووڵاتیانییەوە دەبێتە دەسەڵاتی داگیرکار و خۆسەپێن. دەسەڵاتی دیکتاتۆری، دەسەڵاتێکە کە شەرعییەتی لەدەستداوەو بەدوایشییدا دانپێدانیش لەدەست دەدات، لەبەرئەوە ئەو دەوڵەتە لاواز دەبێت تا ئەو رادەیەی هێزیکی زۆرینەی کۆمەڵگەیی نابێت کە وەلائی خۆی بۆ رابگەیەنێت. ئەو دەوڵەتە لاوازە، لەو بڕوایەدایە، لەڕێی هێزی سەربازی و ئەمنییەوە خاوەن هێزە، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو خاوەندارێتییە بەڵگەی لاوازییەتی، چونکە ئامانجی ئەو هێزە پاراستنی دەوڵەتەکە نییە بەقەدەر ئەوەی پاراستنی دەسەڵاتەکەیە. ئەو دەوڵەتە لەکاتی رووبەڕووبوونەوەی دەرەکییدا، ناتوانێ هێزی کۆمەڵگەکەی خۆی بکاتە پشتیوانی، بەڵکو بەپێچەوانەوە، لاوازی دەوڵەتەکە، بەشێکی دانیشتووانەکەی بەهیوای ئەوە دەبن بیانییەکان بێن قوتاریان بکەن لەو دەسەڵاتەی خۆی سەپاندووە، نەبوونی هەستی ئازادی و هەستکردن بە کۆیلەیەتی، بیرۆکەی رزگاربوون لەو دەسەڵاتە دەبێتە خەمی یەکەمی هاووڵاتیان. ئەو دەسەڵاتەی هێزی سەربازی بەسەریدا زاڵ دەبێت، ئەگەر دووچاری گەندەڵی هات، ئەوا ئەو دەسەڵاتە دەبێتە دەسەڵاتێکی دابڕاو و نامۆ لەکۆمەڵگەکەی خۆی، ئەوەش رەنگدانەوەی لەسەر نەمانی هەستکردن بە ئینتمای زۆرینە دەبێت.

ئابووری گیانی دەوڵەتە ئابووری گیانی دەوڵەتە، دەوڵەتی بەهێز ئەو دەوڵەتەیە کە ئابوورییەکەی توانای بەدیهێنانی هاوسەنگیی لەنێوان خواستەکان و هێنانەدییاندا دەکات، بەدواییدا هێنانەدی ژیانێکی ئاسودەو ئاسایشی خۆراک و تەندروستی و فەراهەمکردنی خۆشگوزەرانی بۆ زۆرینەی هاووڵاتیان. بێنە بەرچاو، دەوڵەتێک نەتوانێ ئاسایشی خۆراک و تەندروستی بۆ هاووڵاتیانی دابین بکات، ئەوا ناتوانێت پێداویستییە سادەکانی دابین بکات و ئارەزووی کۆچکردن لای هاووڵاتیانی گەشە دەکات بۆئەوەی بەدوای ژیانێکی ئاسودەو بەختەوەردا وێڵ بن. چ مانایەکی دەبێت، دەوڵەتێک خاوەن هێزێکی سەربازی بەتوانا بێت، بەچەکی ئەتۆمییشەوە، لەهەمان کاتدا هاووڵاتیانی بەدەست برسێتیی و نەبوونییەوە بناڵێنن، واتە رێژەی ئەوانەی لەژێر هێڵی هەژاریدان نیوەی دانیشتووانی وڵاتەکە پێک بێنن، چەندین جۆری دەوڵەتی هەژارو لاواز هەیە، دەوڵەت هەیە هیچ سامانێکی سروشتی نییە، هەروەها ئەو دامەزراوانەشی نییە کە بیر لە قەرەبوکردنەوەی ئەو نەبوونی سامانی سروشتییە بکاتەوە، لەڕێی زانست و پێشکەوتنی تەکنەلۆجیاوە. دەوڵەتیش هەیە خاوەن سامانێکی سروشتیی بێ شومارە، ئەتوانێ ئەگەر هاتوو سەرلەنوێ سەرمایەکەی بەگەڕبخاتەوە، بۆ بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی تەوزیفی بکاتەوە، بەڵام دەسەڵاتەکەی ئەو شەرعییەتەی نەماوە کە گوزراشت لە کۆمەڵگەو بیریش لەکۆمەڵگەکەی بکاتەوە، چونکە تەنیا بیری لەبردن و گەندەڵی و بەهەدەردانی داهاتی نەتەوەیی کردۆتەوەو هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی خۆی پێ بەهێزکردووە. بوونی یەک لەو سێ توخمانەی لاوازی کە لەسەر دەوڵەتێک لە دەوڵەتان باسکران، بەمانای ئەوەی ئەو دەوڵەتە لاوازە، ئەی ئەگەر هەرسێ ئەو توخمە لەیەک دەوڵەتدا بوونی هەبوو؟ ئەوە چ جای ئەوەی لەگەڵیشیدا هەژاری کلتوری و رۆشنبیریش بوونی هەبوو.

Advert test