له‌ كوردستان 13 هۆتێلی براند و پێنج ئەستێره‌ی ده‌كرێنه‌وه‌

170 views 4 نیسان 2016

Advert test

لەماوەی نۆ ساڵی رابردوودا دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی كوردستان مۆڵەتی 13 پرۆژەی وەبەرهێنانی بە هۆتێلە براندەکان داوە و تاوەکو ئێستاش 5 لەو پرۆژانە تەواوبوونە، بەشێکیشیان بەهۆی قەیرانی داراییەوە کارکردن تێیاندا وەستاوە.

لەماوەی ئەو نۆ ساڵەشدا سەرمایەی وەبەرهێنانی هۆتێلە براندەکان و پێنج ئەستێرەکان گەیشتووەتە چوار ملیار دۆلار.

دەستەی وەبەر‌هێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2007ـەوە مۆڵەتی پرۆژەی وەبەرهێنانی 13 هۆتێلی براندی جیهانی لە باشووری کوردستان داوە، لەو ژمارەیەش تاوەکو ئێستا پێنج لە هۆتێلەکان کارەکانیان تەواوبوون، بەڵام چوار هۆتێلیان بەهۆی هەبوونی کێشەی براند و زەوییەوە هێشتا بەردی بناخەیان بۆ دانەنراوە، چوار لە هۆتێلەکانی دیکەش بەهۆی قەیرانی دارایی کارکردن تێیاندا وەستاوە.

ساڵی2007 دەستەی وەبەرهێنان یەکەم مۆڵەتی دروستکردنی هۆتێلی پێنج ئەستێرەیی لە هەرێمی کوردستان داوە، لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا سەرمای وەبەرهێنانی هۆتێلە براند و پێنج ئەستێرەییەكان گەیشتووەتە زیاتر لە 4 ملیار دۆلار.

نادر رۆستی، گوتەبێژی دەستەی گەشتووگوزاری هەرێمی كوردستان هەبوونی هۆتێلە براندەکان لە باشووری کوردستان بە دەروازەیەکی دیکەی راکێشانی گەشتیار دادەنێت.

جگە لە هۆتێلە براندەکان، 620 هۆتێلی گەشتیاریی لە هەرێمی کوردستان هەن، بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی گەشتیاریی، کە سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکانە، داهاتی کەرتی گەشتیاریی %11 تاوەکو %12ی داهاتی جیهان پێکدەهێنێت.

Advert test