قەیرانی دارایی بازاڕی ئۆتۆمبێل شکاندووە

92 views 12 ئایار 2016

Advert test

فرۆشیارانی ئۆتۆمبێل لەبازاڕی ئۆتۆمبێلی ھەولێر دەڵێن بازاڕیان بەرێژەی زیاتر لە سەدا ٧٠ دابەزیووە و ئەگەری ئەوە هەیە کۆمپانیایەکی زۆر دابخرێن.

دوای ھاتنی داعش و قەیرانی دارایی لەھەرێمی كوردستان، بەگشتی بێ بازاڕی و دابەزینی نرخی كاڵاكان درووست بوو، لە ھەمانكاتدا بازاڕی ئۆتۆمبێلیش زۆر دابەزیوە.

بەڕێوەبەری كۆمپانیای مەلا عەباس، ئەحمەد عەباس لەبارەی بازاڕی ئۆتۆمبێل بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو وتی: “بەگشتی نرخی ھەموو جۆرەكانی ئۆتۆمبێل دابەزیوە و ھەرچەند قەبارەی ئۆتۆمبێل گەورەتر بێت ئەوە زیاتر نڕخی دابەزیوەو ھەروەھا ئەوەی زیاتر بەرچاوە ئۆتۆمبێلی یابانی كەمتر لەئۆتۆمبێلەكانی ئەورووپی نرخی دابەزیوە”.

ئەحمەد دەڵێت: ”نرخی ئۆتۆمبێلی بچووك لەنێوان ١٠ بۆ ١٥ لە سەدا دابەزیوە بەڵام ئۆتۆمبێلی گەورە یامۆدێلی پێشكەوتوو وەك مارسیدس و لاندكروزەر لە نێوان ٢٥ بۆ ٣٥ لە سەدا دابەزیووە و ھەروەھا لەئێستادا لەبازاڕی ئێمە زیاتر كڕین و فرۆشتن بەئۆتۆمبێلی كۆری دەكرێت بەھۆی ئەوەی كە كەرەستەی یەدەگی زۆرەو هەرزانە”.

لەبارەی ئۆتۆمبێلەكانی كشتوكاڵی ناوبراو وتی: ”بەگشتی ئامێرەكانی كشتوكاڵی ھەرچەندە قەبارەیان گەورەتر بێت ئەوەندە زیاتر نرخیان دابەزیوە، بەڵام ئەوانەی بچووك وەك تراكتۆری ئێرانی نرخیان وەك پێشترەو زۆر بەكەمی دابەزیوە”.

لەپێشانگای فرۆشتنی ئۆتۆمبێل یوسف مستەفا خاوەنی كۆمپانیای لادێ دەڵێت “لەگەڵ ھاتنی ئەو بارودۆخە مەترسی زۆر رووی لەئێمە كردەوە بەجۆرێك لەساڵی رابردوو تا ئێستا چەند جارێك ویستوومانە وازبهێنین لەپیشەی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل ئەوەیش بەھۆی نەبوونی پارەو بێ بازاڕی. ھەڤوەھا ئەوانەی لەو پێشانگایەدا دووكانیان بەكرێ گرتووە زۆربەیان لەئێستادا دایدەخەن چونكە ناتوانن مانگانە ٢٥٠٠ تا ٣٠٠٠ دوڵار كرێ بدەن”.

وتیشی: ”خەڵكی ھەرێم ترسیان لەرەوشەكە ھەیە و كەس كڕین و فرۆشتن ناكات زۆربەی خەڵكی پارە كۆ دەكەنەوە تا ئەو رەوشە تێپەر بێت ئەمە لەكاتێكدایە كە رۆژ بە رۆژ رەوشەكە خراپتر دەبێت نەك باشتر، ئێمە سەبارەت بەبازاڕ سەدا ٧٠یقازانجمان كەم بووتەوەو داوا لەبەرپرسان دەكەین كە رەوشی ناوخۆ باشتر بكەن تاوەكو خەڵك دڵخۆش بێت و روو لەئێمە بكاتەوە”.

بەپێجەوانەی فرۆشیاریان كڕیارێك لەپێشانگاكانی ئۆتۆمبێل كامەران خالید بۆ ئانادۆڵو دەڵێت ”دڵخۆشم بەوەی كە نرخی ئۆتۆمبێل رۆژ بە رۆژ دادەبەزێت و ھەست دەكەم كە لەئێستادا ئەو پارەم دەبێت كە منیش وەك خەڵكی ئۆتۆمبێلێكم ھەبێت و لەوانەیە ئەم دابەزینە بەزیانی ھەندێك كەس بێت بەڵام بۆ ھەندێك كەسیش دڵخۆشكەرە كە دەتوانن ئۆتۆمبێلێكی باش بە 15 هەزار دۆلار بكڕن”.

کوردئوتۆ

Advert test