نۆ ڕێگایی رەسمی بۆ گەیشتن بە ئەمریکا و مانەوە 9

346 views 22 ئایار 2016

Advert test

لەبارەی کۆچی گەنجانەوە، 9 ڕێگای ڕەسمی بۆ گەیشتن بە ئەمەریکا

هاوڕێ و دۆستان، بۆ هەموو ئەو گەنجانەی کە ڕۆژانە پەیوەندیم پێوە دەکەن لەبارەی چۆنیەتی گەیشتنیان بە ئەمریکا، هەروەک بەڵێنم پێدابون زانیاریتان لەوبارەیەوە پێ بدەم، بۆیە زۆر دڵنیابن وەک کوردێکی دانیشتوی ئەمریکا بە زەرورەتی دەزانم ئەرکێک لەسەر شانمە بەوپەڕی ئیتیک و ڕاستگۆی و مەنتقەوە قسەی لەبارەوە بکەم بۆتان، بە تایبەت لەم کاتەدا کە گەنجانێکی زۆر لە ڕێگەی کۆچی نایاساییەوە ڕێگای هاتو نەهاتیان گرتۆتەبەر، بەڵام هەروەک لە پۆستی یەکەمیشدا باسم کردوە من تەنها کارم بەرچاوڕونیەو ڕاستیەکانتان وەک خۆی بۆ دەگوازمەوە، (دواجار بڕیاری سەفەرکردن لای خۆتانە).

لەم بەشەدا باس لە ڕوحی بابەتەکە دەکەین (گەیشتن بە ئەمریکا)، لێرەدا بەر لەهەرشتێک دەمەوێت پێتان بڵێم لەبەر ئەوەی سیکوریتی ئەم وڵاتە زۆر بەهێزەو هاوکات وڵاتێکی دوورەدەستە هیچ کەسێک ناتوانێت لە وڵاتانی ئاسیاو ئەفەریقاو ڕۆژهەڵاتی ناوین و هەروەها وڵاتانی هەژارنشینی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاو چەند شوێنێکی دیکەش بەهیچ جۆرە ڕێگایەکی نایاسای بگاتە ئەم وڵاتە، تەنانەت ئێستا ئەو ڕێگایەش نەماوە کە خەڵکانێک لەڕێگەی کەشتیە بارهەڵگرەکانەوە دەهاتن بۆ ئەمریکا بەشێوەی نایاسای، جگە لە وڵاتی مەکسیک نەبێت کە هاوسنوری وشکانیە لەگەڵ ئەمریکاداو وڵاتانی دیکەی لاتین ئەمریکا کە هاوسنوری ئاویین لەگەڵ ئەمەریکادا وەک وڵاتانی (ڤنزویلا، ئیکوادۆر، پیرۆ، کۆڵۆمبیا، پۆرتاریکۆ، چیلی، بۆلیڤیا، ئۆرەگوای، پارەگوای، کوبا، گواتیمالا، هندۆراس، سلڤادۆر، نیگاراگوای، کۆستاریکا…هتد) دێنە خاکی ئەمریکاوە لەڕێگەی سنووری ویلایەتەکانی (فلۆریداو لیویسیاناو تەکساس)ەوە، یاخود لە ڕێگەی وشکانیەوە بەشێکی زۆریان لەڕێگەی خاڵی سنوری وڵاتی پەنەماوە دێن بۆ وڵاتی مەکسیک و لەوێوە بەڕێگای نایاسای دێن بۆ ئەمریکا، بەڵام لە ئێستادا ئەمریکا مافی پەنابەری بە هیچ هاوڵاتیەکی لاتین ئەمریکا نادات کە بەڕێگەی نایاسای دێنە ئەم وڵاتەوە، سەبارەت بە مانەوەشیان لەبەر ئەوەی یاسای ویلایەتەکانی ئەمریکا جیاوازن لەیەکتری لەهەندێک ویلایەتدا نەک هیچ مافێکیان پێنادەن بەڵکو دیپۆرتیشیان دەکەنەوە بۆ وڵاتانی خۆیان، لەهەندێک ویلایەتدا کەزۆر کەمینەن ئەو ویلایەتانە لەڕێگەی پارێزەرەوە مافی پەنا بەریان پێ دەدەن، لەهەندێک ویلایەتدا تەنها کارتی ئیش و سۆسیال سیکوریتیان پێ دەدرێت، لە هەندێک ویلایەتیش حکومەت هیچ مافێکیان پێنادات بەڵام دەتوانن بەشێوەی نایاسای (بەڕەش) کاربکەن و حکومەت فشارێکی ئەوتۆیان ناخاتەسەر بەتایبەت مەکسیکیەکان.

بە کورتیەکەی بۆگەنجانی کورد لە ئەستەم ئەستەمترە بە هەموو جۆرە ڕێگایەکی نایاسای بگەنە ئەم وڵاتە، بۆیە من لێرەدا تەنها باسی ڕێگا یاسایەکان دەکەم بۆگەیشتن بەم وڵاتە کە نۆ ڕێگای یاساین.

بەرلەوەی ڕێگاکان باسکەین خاڵێکی زۆر گرنگ هەیە دەمەوێت بەسەر بابەتەکەدا تێپەڕنەبێت ئەویش ئەوەیە تکایە هەرئیمەیڵێکت بۆهات یان هەر وێبسایتێکت بەرچاو کەوت کە باسی وەرگرتنی (ڤیزای گەشتیاری بۆ ئەمەریکا دەکات، یان بە بیانوی یانسیب، یان مانەوەی هەتاسەر لەئەمەریکا، یان ڤیزای خوێندن یان ڤیزای بازرگانی و….هتد) هەموی دورە لە ڕاستیەوەو مەبەست پارە خواردنە جگە لەو دامودەزگا حکومی و فەرمیانە نەبێت کەخۆت پێشتر هەوڵت بۆیان داوەو ئەوانیش وەڵامت دەدەنەوە، خاڵێکی دیکەش بۆ دڵنیابونتان تەواوی ئەو ناوەندە ڕەسمیە حکومیانەی ئەمەریکاش دۆمەینی وێبسایتی ڕەسمیان بە (gov.) کۆتای دێت، بۆ نموونە وەک ئەم لینکە کە وێبسایتی ڕەسمی فەرمانگەی کۆچبەران (Immigration )ی ئەمریکایە:http://www.uscis.gov/ یاخود ئەگەر بۆ ڤیزای خوێندن بوو لەکۆتای وێبسایتەکە نوسراوە (edu.) ئەویش دەبێت بە وردی سێرچی بۆ بکەیت بە تایبەت لە سێرچی ماڵپەڕی ویکی پیدیادا و زانیاری تەواوت لەسەر زانکۆکە هەبێت، بۆ نموونە وەک ئەم لینکە کە وێبسایتی ڕەسمی زانکۆی جۆرج واشنتۆنە: http://www.gwu.edu/ بۆیە بە وردی باسی ئەم خاڵەم کرد بەداخەوە کەسانێک هەن پارەیەکی زۆریان خوراوە لەڕێگەی ئەو وێبسایتە تەزویرانەوە…

ئەمەش ئەو ڕێگا ڕەسمیانەیە کەدەتوانیت بگەیتە ئەم وڵاتەو مافی مانەوەت هەبێت و هەموو مافێکی ئەمریکاش شمولت بکات:

۱. ڕێگەی هاوسەرگیری (Marriage) هەر کوڕو کچێکی کوردی دانیشتوی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا دەتوانن لە ڕێگەی زەواجەوە هاوسەرەکانیان بێنن بۆ ئەمەریکا، دواتر جارێکیتر لێرە لە دادگا گرێبەستی نوێی هاوسەرگیری دەردەهێننەوە، پاشان ئەوکەسەی کە گەیشتۆتە ئێرە بەهۆی ئەوکەسەی کە زەواجی لەگەڵ کردوەو لێرەوە معامەلەی یاسای بۆ کردوە هەموو مافێکی ئەم وڵاتە شمولی دەکات. ئەوەی لەم خاڵەدا گرنگە قسەی لەسەر بکەین کاتی گەیشتنی ئەوکەسەیە بۆ ئێرە، ئەوەش لەسەر ئەوکەسە دەمێنێتەوە کە لێرەوە معامەلەکەی بۆ کردوە، ئەگەر ئەوکەسە مافی مانەوەی هەمیشەی هەبێت لە ئەمریکادا، واتە کارتی سەوزی هەبێت (Green Card) ئەوا کاتەکەی زۆر دەخایەنێت لە نێوان ساڵ و نیوێک بۆ دووساڵ، هەندێکجار زیاتریش، بەڵام ئەگەر کەسەکە هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەمریکی بێت (Citizen Ship) لە ماوەی شەش مانگ بۆ حەوت مانگ ئەوکەسە دەگاتە ئەمریکا. بۆ زانیاری زیاتر سەردانی ئەم لینکە بکەن: http://www.uscis.gov/us-citizenship/citizenship-through-naturalization/naturalization-spouses-us-citizens

۲. هێنانی ئەندامانی خێزان (Sponsor Family For a Green Card) هەر کەسێک لە ئەمریکا بژی مافی ئەوەی هەیە کەسی یەکەمی خێزانەکەی (دایک، باوک، خوشک، برا) داوەتکات بۆ ئەمریکاو مافی مانەوەی هەمیشەییان بۆ وەربگرێت، بەڵام جیاوازی هەیە لە نێوان داوەتکردنی دایک و باوک لەگەڵ خوشک و برادا، بۆ داوەتکردنی دایک و باوک پرۆسەکە زۆر ئاسانترە، ئەگەر کەسەکە مافی مانەوەی هەمیشەی هەبێت (Green Card) تەنانەت ئەگەر کاتیش بێت واتە (I-94) دەتوانێت داوەتنامە بۆ دایک و باوکی بکات بەبێ دروست بونی هیچ بەربەستێک، بەڵام بۆ داوەتکردنی خوشک وبرا زۆر ئەستەمترەو دەبێت کەسەکە هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەمەریکی بێت، ئینجاش زۆرجار داواکاریەکە لەلایەن فەرمانگەی کۆچبەرانەوە ڕەت دەکرێتەوە، بەڵام ئەگەر ئەوپرۆسەیە سەری نەگرت لەیەک حاڵەتدا کەسەکە دەتوانێت ئەو کارە بۆ خوشکوبرا بکات، داوای ڤیزای گەشتیاریان بۆ بکات، ئەویش زیاتر ئەو حاڵەتانە قبوڵ دەکرێن کە خوشک یان برای کەسەکە هاوسەرگیری کردبێت، ئەوکات کە کەسەکە گەیشتە ئەمەریکا بە یەک مەرج دەتوانێت نەگەڕێتەوەو مافی مانەوەی هەمیشەی پێ دەدرێت کە بە گەڕانەوەی بۆ وڵاتەکەی مەترسی لەسەر ژیانی هەبێت، یان هەر عوزرێکی دیکە کە باوەڕ بە پارێزەرێک بێنێت تا بتوانێت ئیقامەی هەمیشەی بۆ وەربگرێت، یاخود ئەگەر کەسەکە پێشتر دایک وباوکی هێنابێت بۆ ئەمریکا، ئەوان ئاسانتر دەتوانن مناڵەکانی دیکەیان داوەتکەن و دواتر مافی مانەوەی هەمیشەییان پێدەدرێت. بۆ زانیاری زیاتر سەردانی ئەم لینکە بکەن: http://www.uscis.gov/green-card/green-card-through-family/green-card-family-member-us-citizen

۳. ڕێگەی بەخت، یانسیب (Lottery) ڕێگەیەکی زۆر باش و چانسێکی گرنگ بۆ ئەو کەسانەی کەدەیانەوێت سەفەربکەن بۆ ئەم ووڵاتە ئەویش ڕێگای بەختە واتە یانسیب کە ئەمەریکا تاکە وڵاتی سەر ئەم زەمینەیە ئەو چانسەی بەو کەسانەداوە کە خواستی گەیشتن بەم وڵاتەیان هەیە، ساڵانە لەڕێگەی ئەم پرۆسەیەوە (50,000) پەنجا هەزارکەس لەسەرانسەری دونیاوە دێنە خاکی ئەمریکاوە بەهەموو مافێکەوە، ئەم پرۆسەیە ئەگەر هەرکەسێک چانسی وەرگرتنی هەبێت باشترین ڕێگای گەیشتنە بەم وڵاتە، یەکەم ڕۆژ گەیشتن بە ئەمریکا کارتی مانەوەی هەمیشەی (Green Card) بەو کەسە دەدرێت، لەگەڵ هەموو مافە سەرەتای و گشتیەکانی دیکە. ئەم پرۆسەیە هەموو ساڵێک لەسەرەتای مانگی ئۆکتۆبەرەوە تا سەرەتای مانگی نۆڤەمبەر واتە یەک مانگ هەموو کەسێک مافی پڕکردنەوەی فۆڕمی بەشداری یانسیبەکەی هەیە بەو مەرجەی تەمەنی لە 18 ساڵ کەمتر نەبێت، پاشان لە مانگی مەی ساڵی دواتر ئەوناوانەی کە بەخت یاوەریان دەبێت لە ڕێگەی ناردنی ئیمەیڵێکەوە ئاگادار دەکرێنەوەو لەهەمان ساڵدا دوای پرۆسەی چاوپێکەوتن و پشکنینی پزیشکی سەفەردەکەن بۆ ئەمەریکا. بۆ ئاگاداریتان بەسەدان کۆمپانیای دیکە بەناوی ئەم پرۆسەیەوە ئیمەیڵ و ماڵپەڕیان کردۆتەوە، بەڵام تکایە جگە لەم لینکەی خوارەوە کە لینکی ڕەسمی پڕکردنەوەی فۆڕمەکەیە، هەر لینکێکی دیکەتان بەرچاوکەوت تەزویرەو کەسانێکن مەبەستیان فێڵ کردنە، بەڵام لە ئێستادا لینکەکە ئەکتیڤ نیەو لەکاتی کلیک کردن لەسەر ووشەی (Continue) شتی دیکە نیشان دەدات تا سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەر پاشان فۆرمی بەشداری کردنی یانسیبەکە ئەکتیڤ دەبێت، ئەمەش لینکی یانسیبەکە: https://www.dvlottery.state.gov/ESC/

٤. ڤیزای گەشتیاری (Travel Visa) يەکێکیتر لەڕێگاکانی سەفەرکردن بۆ ئەمەریکا وەرگرتنی ڤیزای گەشتیاریە، بەم جۆرە ڤیزایە دەتوانیت بۆ ماوەی ساڵێک لە ئەمەریکادا بمێنیتەوە، تەنانەت دەتوانیت لەو ساڵەدا چەندجارێک سەفەری دەرەوەی ئەمریکا بکەیت و بێیتەوە بۆ ناو ئەمریکا بەڵام دوای بەسەرچونی ڤیزاکەت دەبێت ئەمریکا جێبێڵیت، مەگەر لەیەک حاڵەتا نەبێت کێشەیەکی سیاسی یان کۆمەڵایەتیت هەبێت و نەتوانی بگەڕێیتەوە بۆ وڵاتی خۆت، ئەویش لەڕێگای گرتنی پارێزەرێکەوە ئەوکارە دەکرێت و دەبێت بەڵگەی سەلماندنی ئەو مەترسیەت لەبەردەستدابێت. پاشان پارێزەر دەتوانێت گرین کارتت بۆ وەدەست بهێنێت. بۆ زانیاری زیاترو بەدەستێنانی ڤیزا سەردانی ئەم لینکە بکەن: http://travel.state.gov/content/visas/english.html

٥. ڤیزای تایبەت (Special Visa) ئەم جۆرەی سەفەر کردن کە بە ڤیزای تایبەت ناسراوەبە Special Immigrant Visa – S.I.V تایبەتە بەو کەسانەی کە ماوەی ۳ ساڵ لەگەڵ هێزە سەربازیەکان و ناوەندە حکومیەکان لەدەرەوەی ئەمەریکا کاریان کردبێت، دیارە زۆربەی ئەو کەسانەش لە عێراق و کوردستان کاری وەرگێڕیان کردوە لە بنکە سەربازیەکان و هەروەها لە باڵوێزخانەو قونسوڵەکانی ئەمەریکا، بۆیە ئەم کەسانە هەر لە کوردستانەوە مافی ئەوەیان هەیە کە فۆڕمی داواکاری سەفەرو مافی پەنابەری ئەمریکا پڕبکەنەوە و دوای ئەوەش کەسەفەر دەکەن لە ئەمریکا هەموو مافێکیان بۆ دابین دەکرێت. ئەمەش لینکی ڤیزای تایبەتە بۆ ئەوکەسانەی لەهەردوو وڵاتی عێراق و ئەفغانستان کاریان لەگەڵ ئەمریکیەکاندا کردوە: http://travel.state.gov/content/visas/english/immigrate/iraqi-afghan-translator.html

٦. سەفەر لە ڕێگەی ڕێکخراوی کۆچبەرانی نێودەوڵەتیەوە، ناسراو بە (IOM) ئەم جۆرەی سەفەرکردنیش بۆ ئەمەریکا نزیکە لە خاڵى پێنجەم، بەڵام بۆ ئەوکەسانەیە کە لەگەڵ سەنتەرو ناوەندو ڕێکخراوە ناحکومیەکان(NGO)کان، کاریان کردبێت یاخود لەگەڵ (هەندێک) لە کۆمپانیا وەبەرهێنە بەناوبانگەکانی ئەمریکا. ئەم کەسانەش دەتوانن هەر لە کوردستانەوە تەقدیمی وەرگرتنی ڤیزا بکەن بۆ ئەمریکا، بەڵام جیاوازی ئەوەیە لەگەڵ خاڵی پێنجەمدا ئەم کەسانە سەرەتا ئیقامەی کاتیان پێ دەدرێت (I-94) دوای ساڵێک مانەوە لە ئەمریکا پاشان ئیقامەی هەمیشەییان پێ دەدرێت، واتە (Green Card)، ئەمەش لینکی تایبەت بە (IOM) http://www.iom.int/

۷. ڕێگەی نەتەوە یەکگرتوەکان (UN) ئەم پرۆسەیە باشترین و شیاوترین ڕێگایە بۆ ئەوکەسانەی کە لەئێستادا سەفەردەکەن، ڕێگایەکی تەواو یاسای و بێ کێشەیە، سەرەتا کەسەکە دەچێت لە ئۆفیسی پەنابەران سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان لە ئەنکەرەی پایتەختی تورکیا خۆی تەسلیم دەکات و داوای مافی پەنابەری دەکات، دوای قبوڵکردنی دۆسیەی کەسەکە لە یوئێن ئەگەر کەسەکە ئەمەریکا داوابکات، ئەوا بەڕەسمی دەگاتە ئەمەریکاو هەموو مافێکی پەنابەری و مانەوەی هەمیشەی پێدەدرێت بەڵام دەبێت کەسەکە کێشەیەکی سیاسی یان کۆمەڵایەتی یان دینی هەبێت، بەومەرجەی کەیسەکە ئەوە بسەلمێنێت کە بە فیعلی مەترسی لەسەر ژیانی ئەو کەسە هەیە، بەڵام تاکە گرفت لەبەردەم ئەم ڕێگەیەدا پرۆسەیەکی درێژ خایەنە، بەتایبەت لە ئێستادا کە ئاوارەیەکی بێشوماری سوری و عێراقی ڕویان کردۆتە تورکیا پێدەچێت سێ بۆ چوارساڵ بخایەنێت، دەبێت ئەو ماوەیە کەسەکە لە تورکیا بمێنیتەوەو هەموو خەرجیەکیش دەکەوێتە سەرشانی خۆی. بۆ زانیاری زیاتر سەردانی ئەم لینکە بکەن کە ئۆفیسی یوئێنە لە تورکیا: http://www.unhcr.org/pages/49e48e0fa7f.html

۸. ڤیزای خوێندن (Student Visa) ڕێگایەکی دیکە بۆ هەموو ئەوکەسانەی بە مەبەستی خوێندن ڕوودەکەنە ئەمەریکا چی لەڕێگای خەرجی خۆیانبێت یان لە ڕێگەی حکومەتەوە (تواناسازی) بێت، ئەم جۆرەکەسانە دوای تەواوکردنی خوێندن دەبێت بگەڕێنەوە بۆ کوردستان، تاکە چانسێک لەبەردەم مانەوەیان لەم وڵاتەدا دەبێت ئەوکەسە بۆماوەی سێ ساڵ لەبوارێکی ئینسانی یان خێرخوازی کە تایبەت بێت بە ئیخساسەکەی خۆی کاربکات بەخۆبەخشانە واتە بە (Volunteer) پاشان دەبێت کەسەکە پارێزەربگرێت و ئەو لایەنەش پشتگیری بکات کەبۆماوەی سێ ساڵ بە خۆبەخش کاری لەگەڵدا کردون، بەڵام (هێشتا کەسەکە گرەنتی وەرگرتنی مانەوەی هەمیشەی نیە). بۆ زانیاری زیاتر سەردانی ئەم لینکە بکەن: http://travel.state.gov/content/visas/english/study-exchange/student.html

٩. ڕێگای وەبەرهێنان (Immigrant Investor) هەر کەسێکی خاوەن سەرمایە بەبڕی ٥٠٠،٠٠٠ پێنجسەد هەزار دۆلار هەرجۆرە بزنسێک بکاتەوە لە ئەمەریکا سەرەتا حکومەت بۆ ماوەی ساڵێک ڤیزای (EB-5)ی پێدەدات دواتر گرین کارت و ڕەگەزنامەی ئەمەریکی وەردەگرێت. بۆ زانیاری زیاتر سەردانی ئەم لینکە بکەن: http://www.uscis.gov/eb-5 _________________________________

تێبینی: ـ لە ئەمریکادا هەرکەسێک کێشەی یاسای نەبێت و خاوەنی کارتی سەوزبێت (Green Card) دوای پێنج ساڵ دەبێتە خاوەنی ڕەگەزنامەو پاسپۆرتی ئەمەریکی. ـ ئەم ڕێگایانەی سەفەرکردن لە ویلایەتێک بۆ ویلایەتێکیتری ئەمەریکا گۆڕانکاری بەسەردا دێت، (بەڵام گۆڕانکاریەکی کەم).

————————–

گۆران دوکانی

ئەمەریکا ـ هەرێمی ڤێرجینیا

Advert test