وڵاتی شوکولاتە لەکوێ، وڵاتی نەوت‌ و گاز لەکوێ

98 views 7 حوزه‌یران 2016

Advert test

له‌سویسرا دوێنێ پرۆسه‌ی‌ دەنگدان ئه‌نجامدرا سه‌باره‌ت به‌بڕیارێک کە هەموو هاوڵاتییەکی سویسری مانگی دوو هەزارو پێنج سەد دۆلاری ئەمریکی $2500 وەربگرێ لەحکومەت، ئیتر گرنگ نییە ئیشی هەبێت یان نا، دەوڵەمەند بێت یان نا، گەورە بێت یا بچوک، گرنگ ئەوەیە حکومەتی سویسری گەرەنتی بکات هەموو هاوڵاتییەکیی داهاتی مانگانەی هەبێت‌و هیچی کەم نەبێت.

تەسەور دەکەیت ئەنجامی دەنگدانەکە چی بێت؟ له‌77%ی دەنگداران بە”نا” وەڵامیاندایەوەو یاساکەیان پووچەڵکردەوە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە خەڵکی سویسری ئاسودە نەبووە بەوەی پارەیەک وەربگرێ بەبێ ماندوبونی خۆی، وه‌ هۆکار دەبێت بەزیادبونی ڕێژەی تەمەڵی، چونکە ئەوکاتە زۆر کەس پێویستی بەئیشکردن نامێنێت‌و زەرەر دەدات لەئابوری سویسرای خۆشەویست!

ئینجا ئەم هه‌ڵوێسته‌ نامۆ نییە لەلای‌ خەڵکی سویسرا، چونکە ساڵی 2012 یاسایەکی تریان ڕەتکردەوە کە زیادکردنی پشوی خەڵکی وڵاتەکە بوو لەچوار هەفتە بۆ شەش هەفتە، ئەوەش ڕەتکرایەوە لەبەرئەوەی وتیان ئەگەر ئێمە پشومان زیاد بکەین وڵاتانی دیکە كێبڕكێمان له‌گه‌ڵدا دەکەن‌و پێشمان دەکەون ئەوەش زەرەر لەسویسرا دەدات لەبەرئەوە چوار هەفتەمان بەسە.

یەکێک لەکێشە گەورەکانی کوردستان ئەوەیە کاتێک کە حکومەت پارەی گشتی بەبێ بەرنامەو ڕەچاوکردنی ئینتاجیەت سەرف دەکات، هاوڵاتیانی کوردستانیش ڕێگری لێ ناکەن، بەڵکو هاوکاری دەبن.

کاتێک کە حکومەت دامەزراندنی وەک ئامرازێکی سیاسی بەکاردەهێنا بۆ کڕینەوەی دەنگ بێ ئەوەی ئەو کەسانە کە دامەزراون پێویست بکات هیچ ئینتاجییەکێتیان هەبێت بۆ ئابوری وڵات، هاوڵاتیان شەریکبون لەگەڵی.

بەڵکو لای خۆمان مونافەسە لەوەدابوو کێ بتوانێت ئیشێکی بن دیواری دەست بکەوێت بەکەمترین مەسرەف‌و هیلاکی.

خۆشەویستی بۆ وڵاتی خۆت ئەوەیە کە چۆن هەڵە لەماڵ‌و مناڵی خۆت قبوڵ ناکەیت، بەهەمانشێوە هەڵەی حکومەتیش قبوڵ نەکەیت، نەک ببیت بەشەریک‌و پاڵی پێوەنێی هەڵەی زیاتر بکات بۆ بەرژەوەندی تاکە کەسی خۆت.


د. بەیاد جەمال عەلی

مامۆستایی زانکۆ و پسپۆری ئابوری