پڕۆژه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی سیستمی ئابوری هه‌رێم

284 views 14 ته‌مموز 2016

Advert test

سه‌ره‌تایه‌ك بۆ شێوازی سیستمی ئابورى هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ی پێویسته‌ بوترێت سیستمى ئابورى هه‌رێمی كوردستان له‌نێو هیچ یه‌كێك له‌ سیستمه‌ ئابورییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا جێی نابێته‌وه‌، هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی حوكمڕانی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن له‌ دوو لایه‌ن خۆیان ده‌بیننه‌وه‌، ئه‌وانه‌ش، یه‌كه‌م: یان كه‌سانێكی نه‌خوێنده‌وار و نه‌زانن و ناشیانه‌وێ خوێنده‌واره‌كان بێنه‌ پێشه‌وه‌. دووه‌م: كه‌سانێكی هه‌لپه‌رستن ‌و داهاتی هه‌رێم بۆ مه‌رامی كه‌سی و حزبی خۆیان به‌كارده‌هێنن و كه‌رتی تایبه‌ت و كه‌رتی گشتی ئه‌م هه‌رێمه‌یان خستوه‌ته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیان. سروشتی ئابورى هه‌رێمی كوردستان و زانستی ئابورى هه‌ر وڵاتێك به‌نده‌ به‌ سروشتی وڵاته‌كه‌ و له‌و ڕووه‌وه‌ ده‌توانێت هه‌نگاو بۆ ئاینده‌ی دابڕیژێت، زانسته‌كانی ئابورى سروشتی ئابورى شیده‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌یكه‌ن به‌ چه‌ند به‌شێكی سه‌ره‌كییه‌وه‌، وه‌ك (سروشتی ئاو هه‌وا، سروشتی سه‌رمایه‌ی مرۆیی، سروشتی سه‌رمایه‌، سروشتی كشتوكاڵ) مه‌به‌ست له‌م دابه‌شكارییه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ر وڵاتێك له‌ یه‌كێك له‌م چوار لایه‌نه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ و به‌گرتنه‌به‌ر و گرنگیدان به‌و لایه‌نانه‌ ده‌توانێت سیستمى ئابورى وڵاته‌كه‌ی به‌ره‌و ئاستێكی باڵا ببات. ئه‌وه‌شمان بینیوه‌ له‌ وڵاتان ڕێره‌وی تایبه‌تی خۆیان دۆزیوه‌ته‌وه ‌و ‌توانیویانه‌ گه‌شه‌ به‌ ئابوری وڵاته‌كه‌یان بده‌ن، بۆ نمونه‌ هیندستان له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌رمایه‌ی مرۆیی له‌ ئاستێكی باڵادایه ‌و له‌جیاتی گرنگیدان به‌ كه‌رتی پیشه‌سازی، هاتووه‌ گرنگی ده‌دات به‌ كه‌رتی كاری ده‌ستی، له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ دوو ئامانجی پێكاوه‌، یه‌كه‌م كارێك بۆ كرێكاره‌ بێكاره‌كانی وڵاته‌كه‌ی فه‌راهه‌م ده‌كات و له‌لایه‌كیتریشه‌وه‌ كاری ده‌ستی نرخێكی تایبه‌تی و حه‌زێكی تایبه‌تی له‌سه‌ری هه‌یه‌. ئه‌وه‌ی پێویسته‌ باسی لێوه‌بكرێت سوپاس بۆ خودا ئێمه‌ هه‌ر چوار جۆره‌ سروشته‌كه‌مان له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌، ئاو هه‌وامان گونجاوه‌ و سه‌رزه‌وی و ژێر زه‌ویمان پڕێتی له‌ به‌رهه‌می ده‌گمه‌ن و گران به‌ها، هه‌روه‌ها كرێكارێكی بێكاری زۆرمان هه‌یه ‌و سه‌رمایه‌یه‌كی باشیشمان هه‌یه‌ به‌ مه‌رجێك لای كه‌سه‌كان بدرێته‌وه‌ به‌ حكومه‌ت و زه‌ویه‌كی به‌پیتیشمان بۆ كشتوكاڵكردن هه‌یه‌. ئه‌وه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا ده‌گوزه‌رێت، بوونی قه‌یرانێكی داراییه ‌و به‌شێوه‌یه‌كه‌ جگه‌ له‌وه‌ی حكومه‌ت ئیفلیج بووه‌ به‌ده‌ستییه‌وه‌ قوتی فه‌رمانبه‌ران و هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانیشی له‌ خه‌یاڵدانی گه‌لی كوردستاندا ده‌رهێناوه‌ كه‌ هیچ فه‌رمانبه‌رێك كۆتایی مانگ چاوه‌ڕێی موچه‌كه‌ی ناكات! ئه‌و سیستمه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان پیاده‌ ده‌كرێت به‌ سیسته‌مێكی به‌ره‌ڵایی ناوی ده‌به‌م و بۆ چاره‌سه‌ركردنی باری ئابورى هه‌رێمیش پێویسته‌ سیسته‌مێكی لێوان لێو له‌ سروشتی ئابورى هه‌رێم بكرێته‌ باڵای كاڵای ئابورىمان دەکرێت هۆكاره‌كانی ڕمانی ئابورى هه‌رێم بەم شێوەیە لێک بدەینەوە: یه‌كه‌م- گه‌ڕانه‌وه‌ی موڵكی گشتی بۆ حكومه‌ت ، له‌ ئێستادا ده‌بینین بۆ ماوه‌ی ٢٥ساڵ ده‌بێت زۆرێك له‌و موڵكانه‌ی حكومه‌ت كه‌ خۆیان له‌ نه‌خۆشخانه‌ و قوتابخانه‌ و چه‌ندین موڵكیتر له‌لایه‌ن حزبه‌كانه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌ و كراوه‌ته‌ موڵكی حزب، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ بینای فه‌رمانگه‌كان له‌ كرێدان، ئه‌مه‌ش بارقورسییه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ داهاتی هه‌رێم. دووه‌م- جیاكردنه‌وه‌ی كه‌رتی گشتی و كه‌رتی تایبه‌ت، یه‌كێك له‌ كێشه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌كانی روخانی ئابورى هه‌رێمی كوردستان بریتییه‌ له‌ پێكه‌وه‌ گرێدانی كه‌رتی تایبه‌ت و كه‌رتی گشتی، كه‌ ئه‌مه‌ گوناهێكی ئابورىیه‌ و له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ ئاشكرا پیاده ‌ده‌كرێت، مه‌به‌ست له‌م تێكه‌ڵه‌یه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌رپرسانی حكومه‌ت و حكومڕانی هه‌رێمی كوردستان خۆیان سه‌رپه‌رشتیاری ئه‌و كۆمپانیا و كه‌رته‌ تایبه‌تیانه‌ن كه‌ هه‌ندێك پایه‌ی ئابورى هه‌رێم به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن، له‌ گرنگترینیان كه‌رتی نه‌وت و كه‌رتی په‌یوه‌ندیه‌كانه‌. سێهه‌م- ده‌رخستنی داهاتی هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌كی شه‌فاف ئه‌و كێشه‌ی گه‌وره‌یه‌ی هاوڵاتیانی هه‌رێمی نیگه‌ران كردووه‌ بریتییه‌ له‌ ناڕوونی و نادیاری داهاتی هه‌رێمه‌كه‌یان، ئه‌مه‌ش واده‌كات كێشه‌ له‌نێوان به‌رپرسان و هاوڵاتیان دروست ببێت به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ هه‌ستی پێده‌كرێت. چواره‌م- دوورخستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حزبی له‌ كاروباری ئابورى هه‌رێم سیستمى ئابورى هه‌رێمی كوردستان بریتییه‌ له‌ سیستمى ئابورى حزبی، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌موو بڕیاره‌كانی به‌ره‌و پێشبردن و كاره‌كانی ئابورى هه‌رێم له‌ هه‌موو كه‌رته‌ جیاوازه‌كانی ئابورى له‌ده‌ستی حزبدایه‌ و ئه‌ویش نه‌ك به‌شێوه‌یه‌كی دیموكراتیانه‌، به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌كی دیكتاتۆری له‌نێوان دوو حزبی چه‌ك به‌ده‌ستدا قۆرخ كراوه‌ و به‌بێ پلان و هه‌نگاوه‌ به‌رژه‌وه‌ندیخوازه‌كانی ئه‌وان هیچ جۆره‌ هه‌نگاوێك ناتوانرێت بنرێت. پێنجه‌م- پشتگوێخستنی په‌ره‌پێدانی ئابورى هه‌موو وڵاته‌ تازه‌ پێگه‌یشتووه‌كان له‌ دێرزه‌مانه‌وه‌ له‌كاتی ویستبێتیان ژێرخانی ئابورى وڵاته‌كه‌یان هه‌ستێننه‌وه‌، سه‌ره‌تا كاریان بۆ گه‌شه‌پێدان و گه‌یشتن به‌ په‌ره‌پێدانی ئابورى كردووه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ لای ئێمه‌ ئه‌وه‌ بوونی نییه‌. دەکرێت چاره‌سه‌ره‌كانی قه‌یرانی دارایی و ئابورى هه‌رێمی كوردستان بەم شێوەیە دەست پێبکەین: یه‌كه‌م- كه‌مكردنه‌وه‌ی بێكاری (بطاله‌ المقنعه)، كار یه‌كێكه‌ له‌ بنه‌ماكانی به‌رهه‌مهێنان و له‌به‌رانبه‌ر كاریشدا وه‌ك چۆن به‌رهه‌مێكی لێ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت، پێویسته‌ پاداشتێكیش بدرێته‌ كرێكار، به‌ڵام به‌ مه‌رجێك ئه‌وه‌ی له‌ كرێكاره‌كه‌ به‌ده‌ست ده‌خرێت زیاتر بێت له‌و پاداشته‌ی كه‌ پێی ده‌درێت، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ كوردستان ده‌یبینین ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم بۆ مسۆگه‌ركردنی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان به‌ هه‌زاران هاوڵاتی هه‌رێم و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمیان دامه‌زراندووه‌ و له‌سه‌ر قوتی خه‌ڵكی موچه‌یان پێ ده‌درێت ئه‌مه‌ش ده‌كرێت به‌ دوو به‌شه‌وه: ١-ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ دامه‌زرێنراون و هیچ ده‌وامێكیش ناكه‌ن پێویسته‌ ده‌ستبه‌جێ ده‌ربكرێن و به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان ئه‌و موچه‌یه‌ی وه‌ریان گرتووه‌ لێیان وه‌ربگیرێته‌وه ‌و بدرێنه‌ دادگا. ٢-ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌بێ بوونی پێویستی دامه‌زراون و ده‌وام ده‌كه‌ن، ئه‌مانه‌ موچه‌ وه‌رده‌گرن و هیچ به‌رهه‌مێكیان نییه ‌و ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزرێته‌وه،‌ به‌مشێوه‌یه: -ئه‌وانه‌ی حزب دایناون و هیچ بڕوانامه‌یه‌كیان نییه‌ ده‌ربكرێن و ئه‌و موچانه‌ی وه‌ریانگرتووه‌ لێیان وه‌رنه‌گیرێته‌وه.‌ -ئه‌وانه‌ی بڕوانامه‌یان هه‌یه‌ و له‌ كه‌رتی گشتی زیاده‌ن له‌ كه‌رتی تایبه‌ت كاریان بۆ بدۆزرێته‌وه‌، وه‌ك له‌ ئێستادا له‌ هه‌ندێك كۆمپانیا بوون هه‌یه‌ وه‌ك كارگه‌ی چیمه‌نتۆی تاسڵوجه‌. دووه‌م: ڕێكخستنه‌وه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان گه‌وره‌ترین به‌ هه‌ده‌ردانی داهاتی هه‌رێم به‌هۆی خراپی سیستمى موچه‌یه‌ و به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ زۆر نادادپه‌روه‌رانه‌یه‌ و پێویسته‌ سه‌رله‌نوێ چاو به‌ موچه‌دا بخشێنرێته‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش بۆخۆی ڕاپۆرتێكی تایبه‌تی ده‌وێت. سێهه‌م: گرنگیدان به‌ كه‌رتی كشتوكاڵ یه‌كێك له‌و هه‌ڵه‌ گه‌ورانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ ڕابردوودا ئه‌نجامی دا بریتی بوو له‌وه‌ی لێشاوی دامه‌زراندنی هێنایه‌ ئاراوه ‌و له‌كاتێكدا كه‌ پێویستی به‌ بڕوانامه‌ش نه‌بوو ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك له‌لایه‌كیتریش كه‌رتی كشتوكاڵ به‌ ته‌واوه‌تی پشتگوێخست و به‌رهه‌می جوتیاران هیچ داهاتێكی پێویستیان لێ ده‌ست نه‌ده‌كه‌وت، ئه‌مه‌ش وایكرد زۆرێك له‌ جوتیاران و نه‌وه‌كانیان كۆچیان كرد بۆ شاره‌كان بۆ دامه‌رزاندن و كه‌رتی كشتوكاڵ ڕمێنران له‌به‌رئه‌وه‌ پێویسته‌ حكومه‌ت بۆ باشتركردنی ئابورى هه‌رێم ئاوڕێكی جددی له‌ كه‌رتی كشتوكاڵ بداته‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌ك هانی جوتیاران بدات و هه‌موو جۆره‌ پێداویستییه‌كانیان بۆ دابین بكات له‌وانه‌: ئ- كڕینه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیان. ب- زیادكردنی باج له‌سه‌ر شمه‌كی هاورده‌. ج- پێدانی كۆمه‌ك و هاوكاری و كه‌مكردنه‌وه‌ی باج. د- پاراستنی پیشه‌سازی نیشتمانی له‌ پیشه‌سازی بیانی. ه- ئاوه‌داكردنه‌وه‌ی گونده‌كان و دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانیان. و- هاورده‌كردنی هه‌موو ته‌كنه‌لۆژیایه‌ك بۆ گه‌شه‌كردنی ئابورى له‌ ده‌ره‌وه‌. س- كه‌مكردنه‌وه‌ی باج له‌سه‌ر شمه‌كه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان تاكو بتوانرێت به‌ كه‌مترین تێچون شمه‌كی ناوخۆیی ته‌واو دروستكراو به‌رهه‌م بهێنرێن. چواره‌م- گرنگیدان به‌ كه‌رتی تایبه‌ت، ئەم كه‌رتە له‌ هه‌رێمی كوردستان گرنگی پێدراوه،‌ به‌ڵام تێكه‌ڵ به‌ كه‌رتی گشتی كراوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش مه‌به‌سته‌ سه‌ره‌كه‌ییه‌كه‌ی ناگه‌یەنێت، له‌به‌رئه‌وه‌ پێویسته‌ پیش هه‌موو كارێك كه‌رتی تایبه‌ت دابماڵرێت له‌ به‌رپرسه‌ حزبیه‌كان، هه‌روه‌ها به‌شێوه‌یه‌ك گرنگی پێ بدرێت كه‌ ده‌رچوانی زانكۆ و په‌یمانگاكان به‌شێوه‌یه‌كی گرنگ سه‌یر بكه‌ن كه‌ خوازیار بن كاری تێدا بكه‌ن و بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و داهاتووی خۆیانی تێدا ببیننه‌وه‌، هه‌روه‌ها ده‌بێت كه‌رتی تایبه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان ببێته‌ كه‌رتی به‌رهه‌مهێنان و وه‌به‌رهێنان و وه‌گه‌رخستنی توانا شاراوه‌كان و دروستكردنی داهات نه‌وه‌ك له‌ناوبردنی داهاتی كه‌رتی گشتی، ئه‌ویش به‌ گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی تایبه‌ت به‌ به‌ركارهێنانی سیستمى بازرگانی پاراستن كه‌ بۆ دۆخی ئێستای ئابورى هه‌رێم چاره‌سه‌رێكی باشه‌. پێنجه‌م- ڕێگریكردن له‌ چوونه ‌ده‌ره‌وه‌ی داهات و دارایی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مه‌ش ده‌كرێت به‌ دوو به‌شه‌وه‌: ئ- ده‌ركردنی هه‌موو كرێكاره‌ بیانییه‌كان تاكو داهاتی هه‌رێم له‌رێگه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ نه‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كیتره‌وه‌ ببێته‌ هۆی به‌تاڵكردنی كار و هۆكارێك بێت بۆ چونه‌ سه‌ر كاری بێكاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان. ب- ڕێگریكردن له‌ سپیكردنه‌وه‌ی دارایی هه‌رێم له‌رێی كۆمپانیا حزبی و ناحزبیه‌كانه‌وه‌ و كه‌ بۆ دوو مه‌به‌ستی تایبه‌تی به‌كاری ده‌هێنن، یان وه‌ك گه‌نده‌ڵی و دزی له‌ داهاتی گشتی ده‌برێته‌ ده‌ره‌وه‌، یان به‌ مه‌به‌ستی به‌رهه‌مهێنان ده‌برێته‌ ده‌ره‌وه،‌ له‌كاتێكدا هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌مو كات زیاتر پێویستی به‌ دارایی هه‌یه‌ بۆ به‌گه‌ڕخستنی شمه‌ك و كاڵاكان له‌ هه‌رێمی كوردستان.

  • سه‌عد مه‌لا عه‌بدوڵڵا گوڵپی – ئه‌ندامی سه‌ندیكای ئابورىناسانی كوردستان
Advert test