له‌ نێوان كۆمپانیای سۆمۆ و كۆمۆ بۆ فرۆشتنی نه‌وت كامیان ؟

187 views 13 تشرینی یه‌كه‌م 2014

Advert test

كۆمپانیای سۆمۆ بۆ فرۆشتنی نه‌وتی خاوی عێراق كورته‌یه‌كی مێژوویی: سه‌ره‌تای پڕۆسه‌ی فرۆشتنی نه‌وتی عێراق بریتی بوو له‌ فرۆشتنی بارێكی بچوك له‌ نه‌وتی ده‌رهێنراو، له‌كاتێكدا كه‌ مافی حكومه‌تی عێراقی نه‌بوو كه‌ ئه‌و نه‌وته‌ وه‌كو نه‌وت وه‌ربگرێت وه‌كو به‌شێك له‌ پشكی خۆی له‌ بڕی به‌رهه‌م. به‌ڵكو ڕێكه‌وتن كرابوو كه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌دا كه‌لو په‌ل و پێداویستی تر وه‌ربگرێت وه‌ك داووده‌رمان له‌ كۆمپانیایه‌كی یۆنانی ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ نه‌ده‌توانرا ئه‌و باره‌ به‌ نرخی ڕه‌سمی ڕاگه‌یه‌نراو بفرۆشرێت.چونكه‌ ئه‌و نرخه‌ نه‌ده‌درا به‌ حكومه‌تی عێراقی له‌لایه‌ن كۆمپانیا بیانیه‌كانه‌وه‌ له‌كاتی فرۆشتندا. به‌شی فرۆشتن كه‌ تازه‌ پێكهێنرابوو له‌ فه‌رمانگه‌ی ئابوری له‌ كۆمپانیای نیشتیمانی نه‌وتدا هه‌ستا به‌ ڕێكه‌وتن و ده‌ركردنی دۆكۆمێنته‌كان له‌ مینای ته‌ڕابولسی لوبنانیدا و مه‌به‌ست له‌م كاره‌ش بریتی بوو له‌ ڕاهێنانی كادره‌ عێراقیه‌كان بۆ خۆ ئاماده‌كردن بۆ فرۆشتنی نه‌وتی وه‌به‌رهێنراوی ڕاسته‌وخۆ له‌ مانگی 4ی ساڵی 1972دا له‌ مینای فاو كه‌ ئاماده‌كرابوو بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌. له‌دوای بڕیاری خۆماڵیكردن له‌ 1 ی حوزه‌یرانی ساڵی 1972دا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كی گشتی پێكهێنرا بۆ فرۆشتنی نه‌وت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و كاروبارانه‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرێت كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ فرۆشتنی نه‌وتی خاو و به‌رهه‌مه‌ نه‌وتیه‌كانی تریشه‌وه‌. وه‌ك ده‌رئه‌نجامێكیش بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی په‌یكه‌ری كه‌رتی نه‌وتی هاته‌ بوون. بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌میش كۆمپانیای گواستنه‌وه‌ی نه‌وت په‌یوه‌ستكرا به‌ كۆمپانیای فرۆشتنی نه‌وته‌وه‌ به‌ڵام له‌به‌ر به‌ریه‌ك نه‌كه‌وتن و تێكه‌ڵاونه‌بوونی ئیشوكاره‌كان له‌یه‌كتر جیاكرانه‌وه‌. له‌كاتی دامه‌زراندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی فرۆشتنی نه‌وت په‌یوه‌سكرایه‌وه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی كۆمپانیای نه‌وتی نیشتیمانی و ئه‌نجومه‌نی كارگێڕیه‌كه‌یه‌وه‌ ،به‌ڵام به‌هۆی سروشتی كاری به‌بازاڕكردنه‌وه‌ و پێویستی زوو بڕیاردان و به‌تایبه‌تیش له‌دوای بڕیاری خۆماڵیكردنه‌وه‌ ڕاسته‌وخۆ ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌ گشتیه‌ په‌یوه‌ستكرایه‌وه‌ به‌ سكرتاریه‌تی لیژنه‌ی به‌دواچوون بۆ كاروباری نه‌وت و جێبه‌جێكردنی ڕێكه‌وتنامه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیش ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنی پێویستی پێدرا و ئیدی له‌مه‌ودوا ناسرا به‌ (( دامه‌زراوه‌ی گشتی بۆ فرۆشتنی نه‌وت (SOMO) STATE OIL MARKETING ORGANIZATION. دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی لیژنه‌ی به‌دواداچوونی كاروباری نه‌وت و جێبه‌جێكردنی ڕێكه‌وتنامه‌كان،جارێكی تر لیژنه‌ی سه‌رپه‌رشتیاری دامه‌زراوه‌ی فرۆشتنی نه‌وت پێكهێنرایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ لایه‌ن وه‌زیری نه‌وته‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی بكرێت به‌ ئه‌ندامێتی نوێنه‌ری سه‌رۆكایه‌تی كۆمار و بانكی ناوه‌ندی عێراقی و سه‌ره‌ڕای به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری دامه‌زراوه‌كه‌. له‌ساڵی 1998وه‌ ناوه‌كه‌ی گۆڕدرا بۆ كۆمپانیای به‌بازاڕكردنی نه‌وت( كۆمپانیای گشتی) و تۆماركرا له‌لایه‌ن تۆماركه‌ری كۆمپانیاكان له‌ وه‌زاره‌تی بازرگانی بۆ ئه‌وه‌ی كاری سه‌ره‌كی ببێته‌ فرۆشتنی نه‌وتی عێراقی و فرۆشتنی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتیه‌كانی تر كه‌ زیاد له‌ پێویستی ناوخۆن.به‌ڵام به‌هۆی ڕووداوه‌كانی دوای ساڵی 2003وه‌ و پێداویستی ناوخۆ به‌هه‌ندێ‌ به‌رهه‌می نه‌وتی ده‌ره‌وه‌، كاری هاورده‌كردنی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتیه‌كانیش درا به‌ كۆمپانیاكه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ لێپرسراو له‌ فرۆشتنی نه‌وتی خاو و هه‌ندێ‌ به‌رهه‌می نه‌وتی و هاورده‌كردنی به‌رهه‌مه‌كان كه‌ دانیشتوانی عێراق پێویستیان پێیه‌تی. له‌میانه‌ی كاروانی كاركردنی ئه‌م كۆمپانیایه‌دا كه‌ زیاتره‌ له‌ 35 ساڵ توانیویه‌تی كه‌ پێگه‌یه‌كی دیار بۆ خۆی دیاریبكات له‌نێوان كۆمپانیا گه‌وره‌كانی فرۆشتنی نه‌وتی جیهانیدا، به‌هۆی بوونی كادری به‌توانا و داهێنه‌ر و له‌خۆبووردوو و كارده‌كات له‌ پێناو وه‌دیهێنانی نرخی باشتر بۆ نه‌وتی خاو و به‌رهه‌مه‌ نه‌وتیه‌ عێراقیه‌كانه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی بارودۆخی نه‌وتی هه‌بوه‌وه‌.به‌تێپه‌ڕبوونی كاتیش توانایه‌كی گه‌ره‌و و ئاسانی فرۆشتنی وه‌دیهێنا له‌ ئه‌نجامی به‌رزبونه‌وه‌ی بڕی به‌رهه‌مهاتوو له‌نه‌وتی خاوی عێراقی و هه‌روه‌ها ده‌روازه‌كانی فرۆشتنی جواراوجۆری هه‌نارده‌كردنیشی به‌سه‌ردا كرایه‌وه‌ وه‌ك مینای به‌سره‌ و خۆر عه‌میه‌ سه‌ره‌ڕای تۆڕی بۆری نه‌وت گوێزه‌ره‌وه‌ كه‌ نه‌وتی خاوی عێراق ده‌گه‌یه‌نێته‌ مینای بانیاس له‌ سوریا و مینای ته‌ڕابولسی لوبنانی و مینای یه‌نبوعی سعودیه‌ و مینای جیهانی توركیا و هه‌روه‌ها بوونی كارئاسانی فرۆشتن به‌هۆی بوونی هێڵی ستراتیژیه‌وه‌ كه‌ ڕێگه‌ ده‌دات به‌ گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی خاوی به‌رهه‌مهاتوو له‌ كێڵگه‌ی نه‌وتی باشوره‌وه‌( به‌سره‌ی سووك) بۆ مینای جیهانی توركی و گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی خاوی به‌رهه‌مهاتوو له‌ كێڵگه‌ی نه‌وتی باكوره‌وه‌ كه‌ گرنگترینیان نه‌وتی خاوی كه‌ركوكه‌ بۆ ده‌روارزه‌كانی فرۆشتن له‌ باشوور له‌ مینای به‌سره‌ و مینای خۆر عه‌میه‌. به‌ڵام به‌هۆی بارودۆخی سیاسی و ڕووداوه‌ یه‌ك له‌دوایه‌كه‌كانه‌وه‌ كه‌ ڕووبه‌ڕووی عێراق بونه‌وه‌ بونه‌ ڕێگر له‌به‌رده‌وم هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی عێراقیه‌وه‌ له‌ڕێگه‌ی گه‌لێك له‌و ده‌روازانه‌وه‌ تا كار گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ئێستادا ته‌نها نه‌وتی خاوی عێراقی له‌ ڕێگه‌ی ده‌روازه‌ی باشور له‌ مینای به‌سره‌ و خۆر عه‌میه‌وه‌ ده‌فرۆشرێت و نه‌وتی خاوی كه‌ركوكیش له‌ڕێگه‌ی بۆری نه‌وتی مینای جیهانی توركیه‌وه‌ هه‌نارده‌ ده‌كرێت. له‌ماوه‌ی نێوان ساڵانی 1972 تا 2006 كۆمپانیاكه‌ ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتیانه‌ی هه‌بووه‌: 1- د. رمزی سلمان عبد الحسین له‌ 1972 بۆ ئازار/1991 2- فاچل علی عپمان * له‌ ئازار 1991 بۆ ت1 /1994 3- صدام زبن حسن له‌ ت1/ 1994 بۆ تموز/ 2001 4- علی رجب * له‌ تموز/2001 بۆ ت1 / 2002 5- رافد عبد الحلیم له‌ ت1 /2002 بۆ ئازار/2003 6- محمد الجبوری له‌ حزیران/ 2003 بۆ ت1/ 2003 7- شمخی حویگ فرج له‌ ت1 /2003 بۆ تموز/2004 8- چیا‌و شمخی البكا‌و له‌ تموز/ 2004 بۆ حزیران/ 2005 9- د. مصعب حسن الدجیلی * له‌ حزیران/ 2005 بۆ ئازار/ 2006 10- د. فلاح جاسم العامری له‌ ئازار/ 2006 كۆمپانیای سۆمۆ كێیه‌؟ كۆمپانیای فرۆشتنی نه‌وت ( سۆمۆ) یه‌كێكه‌ له‌ گرنگترین كۆمپانیاكانی بواری نه‌وتی عێراقی و ئه‌و ته‌نها لایه‌نی ڕه‌سمی و ڕێگه‌پێدراوه‌ به‌پێی یاسا كارپێكراوه‌كانی ئێستا بۆ واژۆكردنی گرێبه‌ستی ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی خاو و هه‌روه‌ها ناردن و هاورده‌ی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتیه‌كان به‌پێی ڕێوشوێنه‌ كارپێكراوه‌ جیهانیه‌كان. كاره‌كانی كۆمپانیای سۆمۆ چییه‌؟ كاری سه‌ره‌كی كۆمپانیای سۆمۆ بریتیه‌ له‌ فرۆشتنی نه‌وته‌ خاوه‌كانی عێراق كه‌ بریتین له‌ نه‌وتی خاوی به‌سره‌ و كه‌ركوك له‌ ڕێگه‌ی ده‌روازه‌كانی ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌وه‌ له‌ مینای به‌سره‌ و خۆر عه‌میه‌ و جیهانی توركیه‌وه‌. هه‌روه‌ها كۆمپانیای سۆمۆ كارده‌كات بۆ ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی زه‌یتی سووته‌مه‌نی و هه‌ندێ‌ به‌رهه‌می تایبه‌تی زیاده‌ له‌ پێویستی ناوخۆ و هه‌روه‌ها دابینكردنی به‌رهه‌مه‌كانی به‌نزین و گازۆیل و نه‌وتی سپی و غازی شل به‌پێی پێداویستی بازاڕه‌كانی ناوخۆ. كۆمپانیای كۆمۆ/ بۆ فرۆشتنی نه‌وتی خاوی كوردستان ئاماژه‌ به‌ یاسای ژماره‌ 22 ساڵی 2007 ی په‌ڕله‌مانی كوردستان كه‌ به‌ یاسای (( غاز و نه‌وتی كوردستان)) ناسراوه‌ و له‌ به‌شی پێنجه‌م (( دامه‌زراندنی كۆمپانیا گشتیه‌كان )) و له‌ماده‌ی دوازده‌هه‌مدا كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ كۆمپانیای كوردستان بۆ به‌ بازاڕكردنی نه‌وت KOMO دا هاتوه‌ :

ماده‌ی دوازده‌م: یه‌كه‌م:كۆمپانیای كوردستان بۆ بازاڕكردنی نه‌وت داده‌مه‌زرێ‌، وه‌كو كۆمپانیایه‌كی گشتی، خاوه‌ن كه‌سایه‌تی مه‌عنه‌وییه‌ و سه‌ربه‌خۆیه‌ له‌ بواری دارایی و كارگێڕییه‌وه‌. دووه‌م: سه‌رۆك و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی كارگێڕی له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ داده‌مه‌زرێن و دوای په‌سه‌ندكردنی له‌لایه‌ن زۆرینه‌ی ڕه‌های ئه‌ندامانی په‌ڕله‌مان، به‌مه‌رجێك ده‌بێت له‌ وه‌زاره‌ت سه‌ربه‌خۆبن، پسپۆڕ بن له‌ بواری نه‌وت یان تایبه‌تمه‌ندی دیكه‌ی هونه‌ری و كارگێڕیان هه‌بێت. سێیه‌م: ماوه‌ی دامه‌زراندنی هه‌موو ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی كارگێڕی به‌ ( 5 ) پێنج ساڵ دیاری ده‌كرێن،به‌په‌سه‌ندكردنی ڕه‌های ئه‌ندامانی په‌ڕله‌مان ده‌توانرێ‌ نوێ‌ بكرێته‌وه‌. چواره‌م: كۆمپانیا هه‌ڵده‌ستێت به‌ بازاڕكردن یان ڕێكخستنی به‌ بازاڕكردنی نه‌وت كه‌ له‌ پڕۆسه‌كانی نه‌وتی به‌دیهاتووه‌، وه‌بۆی هه‌یه‌ هه‌ڵبستێت به‌ بازاڕكردنی به‌شی به‌ڵێنده‌ر له‌م نه‌وته‌ به‌پێی ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵیان به‌گوێره‌ی گرێبه‌ستی به‌شداری كردنی به‌رهه‌م. به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بوایه‌ له‌ساڵی 2007 وه‌ ئه‌م كۆمپانیایه‌ دابمه‌زرایه‌ و كاره‌كانی خۆی به‌ پێی یاسایه‌كی تایبه‌ت له‌ په‌ڕله‌مانه‌وه‌ ڕێكبخرایه‌ و هه‌یكه‌لی ڕێكخستنی كۆمپانیاكه‌ دروستبكرایه‌ و كاری فرۆشتنی نه‌وتی خاوی كوردستانی بگرتایه‌ته‌ ئه‌ستۆ.به‌ڵام تا ئێستا ئه‌و كاره‌ به‌ڕه‌سمی نه‌كراوه‌ ، نه‌ك هه‌ر ئه‌م كاره‌ به‌ڵكو دامه‌زراندنی كۆمپانیاكانی تریش وه‌ك ((كۆمپانیای كوردستان بۆ دۆزینه‌وه‌ و وه‌به‌رهێنانی نه‌وت KEPCO و كۆمپانیای كوردستانی نیشتیمانی نه‌وت KNOC و كۆمپانیای كوردستان بۆ پڕۆسه‌كانی پاڵاوتن وپاشكۆكانی KODO )) . كه‌ ئه‌م كۆمپانیایانه‌ گه‌لێك گرنگن بۆ گه‌شه‌كردن و پێشخستنی بواری نه‌وت له‌ كوردستاندا و بۆ پێگه‌یاندنی كادری نه‌وتی شاره‌زا له‌ ئه‌ندازیار و ته‌كنیكی و كرێكاران.هه‌روه‌ها بۆ دامه‌زراندنی ژێرخانێكی یاسایی و به‌هێزی كه‌رتی نه‌وت له‌ كوردستاندا. نه‌كردن و جێبه‌جێنه‌كردنی ئه‌م كارانه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كانه‌وه‌ ده‌چنه‌ چوارچێوه‌ی كه‌مته‌رخه‌می و ناشه‌فافیه‌ت له‌ سیاسه‌تی نه‌وتدا، چونكه‌ دامه‌زراندنی ئه‌م كۆمپانیایانه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كاندا ده‌بوون و هه‌ریه‌كه‌یان ئه‌نجومه‌نێكی به‌ڕێوه‌بردنی سه‌ربه‌خۆی ده‌بوو، به‌ڵام نه‌بون و دانه‌مه‌زراندنی ئه‌م كۆمپانیایانه‌ له‌ ئێستادا و بۆماوه‌ی 7ساڵه‌ هه‌موو ئیشوكاره‌كانی بواری نه‌وتی له‌لای وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان قه‌تیسكردوه‌ و ئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆی شاردنه‌وه‌ و تاریكاندنی سیاسه‌تی نه‌وتی كوردستان، كه‌ گله‌یی و گازنده‌ی سه‌ركرده‌ و پارته‌ سیاسیه‌كان و په‌ڕله‌مان و جه‌ماوه‌ری كوردستان و حكومه‌تی به‌غدادیشی لێكه‌وتۆته‌وه‌ و بۆته‌ نانه‌وه‌ی ته‌نگژه‌یه‌كی سیاسی و دارایی له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدادا و تا ئێستاش نه‌ك نه‌یتوانیوه‌ ته‌واوی پێداویستیه‌ داراییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم دابین بكات به‌ڵكو ته‌نها موچه‌ی موچه‌خۆرانیشی بۆ دابین نه‌كراوه‌. چاره‌سه‌ر چیه‌ له‌نێو كۆمۆ كوردستانی و سۆمۆی عێراقیدا به‌له‌به‌رچاوگرتنی ڕاستیه‌كان و مێژووی كاری هه‌ریه‌كه‌ له‌و دوو كۆمپانیایه‌، لۆژیك و عه‌قڵ پێمان ده‌ڵێن كه‌ چاره‌سه‌ر بریتیه‌ له‌: گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌ردوولا هه‌رێم و به‌غداد بۆ ده‌ق و به‌نده‌ ده‌ستوریه‌كانی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراقی ساڵی 2005.ده‌رباره‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێم و ناوه‌ند بۆ كاروباری نه‌وت و غازی سروشتی. كاركردنی هه‌ردوولایه‌ بۆ ده‌ركردنی یاسای غاز و نه‌وتی ده‌وڵه‌تی عێراقی، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولای تیادا ڕه‌چاو بكرێت و به‌مه‌ش ڕێگه‌ له‌ سه‌رهه‌ڵدانی كێشه‌ و گرفت و خوێندنه‌وه‌ی جیاواز ده‌گیرێت بۆ به‌نده‌كانی ده‌ستور كه‌له‌ ئێستادا هه‌ردوولا هه‌ریه‌كه‌یان به‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی خوێندنه‌وه‌ و تێگه‌یشتنی بۆی هه‌یه‌. هاوكاریكردن و هه‌مئاهه‌نگیكردنی ته‌واو و زیاتر له‌ نێوان هه‌ردوولادا بۆ گه‌شپێدان و پێشخستنی كه‌رتی نه‌وتی كوردستان و عێراق، هه‌ر له‌بواری گه‌ڕان و دۆزینه‌وه‌ و هه‌ڵكه‌ندنی بیر و ده‌رهێنانی نه‌وت و فرۆشتنی و گواستنه‌وه‌ی و دابه‌شكردنیشی، به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌. گه‌ر كوردستان ده‌یه‌وێت كۆمپانیای كۆمۆ دابمه‌زرێنێت وه‌ك پێویستیه‌كی گه‌شه‌پێدان و پێشخستنی كه‌رتی نه‌وت له‌ كوردستان و دامه‌زراندنی هه‌یكه‌لێكی یاسایی با ده‌ستپێبكات و ئه‌و كۆمپانیایه‌ بكاته‌ ئه‌مری واقیع تا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌بَدا بكرێت و دانیپێدا بنرێت و هاوبه‌شیپێبكرێت له‌ پڕۆسه‌ی فرۆشتنی نه‌وتی كوردستان و عێراقیشدا. ئه‌گه‌ر كوردستان نایه‌وێت كۆمپانیای كۆمۆ دابمه‌زرێنێت، ئه‌وا ده‌بێت دان به‌كۆمپانیای سۆمۆدا بنێت و پڕۆسه‌ی فرۆشتنی نه‌وتی كوردستانیش له‌ ژێر چاودێری ئه‌و كۆمپانیایه‌دا بێت. ده‌كرێت كوردستان داوای ئه‌وه‌ بكات كه‌ له‌ په‌یكه‌ری ڕێكخستنی كۆمپانیای سۆمۆدا وه‌كو لایه‌نی كوردی و كوردستان پشك و هاوبه‌شی هه‌بێت به‌ بونی ئه‌ندام له‌ ئه‌نجومه‌نی كارگێڕی ئه‌و كۆمپانیایه‌دا. به‌م شێوه‌یه‌ ده‌كرێت كوردستان و به‌غداد بگه‌نه‌ تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش وته‌واو له‌ بواری نه‌وت و غازی سروشتی عێراقدا. و نه‌وت و سامانه‌ سروشتیه‌كانی هه‌موو عێراق بخه‌نه‌ خزمه‌تی گه‌شه‌كردنی وڵات و خۆشگوزه‌رانی هاوڵاتیان و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی داهات و ده‌رامه‌تی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی و چیدی نه‌وت وه‌كو چه‌ك و كارتی فشار و هه‌ڕه‌شه‌ به‌رامبه‌ر به‌یه‌كدی به‌كار نه‌هێنن.

Advert test