شاسوار عــبدواحید : قسەکەی بارزانی سەد لە سەد ڕاستە

3,494 views 18 تشرینی دووه‌م 2016

Advert test

شاسوار عبدواحید : قسەکەی بارزانی سەد لە سەد ڕاستە :

کاتێک بارزانی دەڵێت ” هەڵپەرن ، چی دەکەن بیکەن ” ئەوا ئەم وتەیەی لە بۆچونی خۆی و دیدی خۆیەوە راستە، چونکە بێگومان بارزانی پێش ئەم وتەیە چەندین جار بیری لێ کردۆتەوە ئینجا قسەیەکی لەم شێوەیەی کردوە، بەو پێیەی بارزانی یەکەم جارە بەم شێوە راستەوخۆیە بێ منەتانە قسە بکات بەرامبەر نارەزایی خەڵک و لایەنە سیاسیەکان .

ساڵی ٢٠١١ و کاتیک خۆپیشاندانەکانی ١٧ ی شوبات دەستی پێ کرد، ئەوا چ بارزانی و چ یەکێتی و پارتی زۆر جدیانە مامەڵەیان لەگەل ئەو خۆپیشاندانانە و نارەزاییەکانی خەڵک کرد، وە ئەگەر راستتر قسە بکرێت و باسی بە حیزبی کردنی نارەزاییەکان بکرێت، ئەوا ئەو خۆپیشاندانانەی ئەو کاتە نزیکتر بوو لە خۆپیشاندانی حیزبی تاوەکو ئەمەی ئێستا، بەو پێیەی ئەمەی ئێستا زیاتر چین و توێژە جیاوازەکانی فەرمانبەرانی هەرێمن و کێشەی موچە و قەیرانی دارایی پاڵنەرێکی راستەقینەی ئەم تەوژمی نارەزاییە، وەک لە پاڵنەری حیزبی .

ئەگەر بەراوردیک بکرێت لەگەل کاردانەوەی ٢٠١١ و ٢٠١٦ ی بارزانی لەسەر خۆپیشاندەران، ئەوا دەبینین جیاوازییەکی زۆر هەیە لە لێدوان و تەنانەت شێوازی قسەکردنەکەی بارزانی، ئەو کات چ بارزانی و چ یەکێتی و پارتی لە هەوڵی جدیدا بوون بۆ هێورکردنەوەی شەقام، راستەوخۆ کەوتنە جینەجێکردنی بەشێک لە داواکاریەکانی خەڵک، پەرلەمان بەپەلە کۆبوەوە، سەرۆکی حکومەت و وەزیری ناوخۆ ە وەزیری پێشمەرگە بانگهێشتی پەرلەمان کران، هەموو ئەمانە بۆ هێور کردنەوەی خەلک و تەنانەت لایەنە سیاسیەکانیش لە نێویشیاندا ( گۆڕان). بەڵام لە ئێستادا، سەرباری نەبونی موچە و بونی قەیرانی دارایی، گوێمان لێ بوو کە بارزانی چۆن قسەی کرد، وە چۆن مامەڵە دەکات لەگەڵ هاوڵاتیان و لایەنە سیاسییەکان، چونکە بارزانی زۆر باش هەموو لایەنە سیاسییەکان و تەواوی خەڵکی کوردستان دەناسێت .

بارزانی زۆر باش دەزانیت کە شتێک نەماوە بە ناوی یەکێتی وەک یەکێتیەکەی مام جەلال، وە پیاویک نەماوە لە ساحەی سیاسی وەک مام جەلال تاوەکو بتوانێت یەکێتی بەهێز بکاتەوە و هاوسەنگی سیاسی و هێز رابگرێت لە کوردستان و هەروەها توانا سیاسیەکەی بە کاربهینێت بۆ چارەسەری کیشەکان، بەڵکو ئەوەی ئێستا لە ناو یەکێتیدا هەیە کۆمەڵێک بەرپرسن کەلە ژێر ناوی یەکێتی و ناوی مام جەلال وەک بەڵێندەر مانگانە برێک پارە وەردەگرن و هەموو خەون و ستراتیژیان بۆتە کۆکردنەوەی پارە و مانەوە لە پیناو بە دەستهێنانی پارەی زیاتر .

وە هەرچی تایبەتە بە گۆڕان ئەوا بارزانی چاک دەزانیت کە چ خودی نەوشیروان موستەفا و چ بزوتنەوەی گۆڕان توانای نەک سیاسەت کردن و جوڵاندنی شەقامیان نەماوە، بەڵکو توانای دەربرینی هەڵوێستێکی سیاسیشیان نییە و وەک خۆیان چەند جاریک باسیان کردوە کە ئێستا دەزانن گۆران چ بزوتنەوەیەکی لاواز و بی کەڵکە و ئەوان جاران بە هەڵە لە گۆران تێگەیشتبون و حەجمێکی زیاد لە خۆیان پێدابوو (بە وتەی هەندێک بەرپرسی پارتی کە لە پاش ناردنەوەی سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکان باسیان کردبوو )، ئەمە جگە لەوەی پێدەچێت رێکخەری گشتیەکەیشی تاقەتی سیاسەتکردن و ململانێ و هەوڵدان و کۆبونەوە و کاری سیاسی نەمابێت .

خۆ هەرچی تایبەتە بە حیزبە ئیسلامییەکان، ئەوا چ بارزانی و چ ئەو حیزبانەیش باش خۆیان دەناسن کە ئەوانە توانای قیادەکردن و بەڕێوەبردن و بریاردانیان نییە، بەڵکو ئەو حیزبانە هەمیشە سەری خۆیان دادەخەن و چاوەڕوانی ئەم سێ حزبەی ترن کە هەڵوێستیان هەبێت و ئەوانیش دواتر داوای ئەم سێ حزبە دەکەون .

ئەوەی کە تایبەتیشە بە خەڵک و هاوڵاتیان و فەرمانبەران، ئەوا دیسانەوە بارزانی زۆر باش هاوڵاتیانی هەرێمەکەی خۆی دەناسێت، باش دەزانیت کە بە موتلەقی خەڵکی هەولێر و دهۆک هیچ کێشەیەکیان نییە و هیچ نارەزاییەک دەرنابرن، وە باشیش دەزانێت ئەمەی لە سلێمانییە شتیکی بچوکە و لە کۆی دوو ملیۆن هاوڵاتی ئەم ناوچەیە و لەکۆی نزیکەی ٧٠٠ هەزار موچەخۆر تەنها چەند کەسێکی کەم دەچنە سەر شەقام و نارەزایی دەردەبڕن، ئەوەیش بۆ چەند کاتژمێرێکە و دواتر بە ئیسراحەت هەر کەسە دەچێتەوە ماڵی خۆی .

بۆیە ئەگەر بەم شێوەیە تەماشای دۆخی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان بکەیت، ئەوا بۆت دەردەکەوێت بارزانی بۆ وای وت و بۆ وا بێ منەتە بەرامبەر هەموان، چونکە زۆر باش هەموو نەیار و رکابەر و هاوڵاتیانی هەرێمەکەی دەناسێت , وە ئیستا پارتی دیموکراتی کوردستان خەریکی حوکمڕانی و بەرێوەبردنی حکومەت و مەلەفی نەوت و پارە و دروستکردنی عیلاقاتی باشی نێو دەوڵەتین , لایەنەکانی تریش خەریکی قسە و قسەڵۆکن لە راگەیاندنەکان و خەریکی هەڵوێستی بجوکی شەرمنانەن .

Advert test