گه‌نجێکی کورد له‌ حه‌ماڵیه‌وه‌ ده‌ستی پێکرد و ده‌بێته‌ پرۆفیسۆر له‌ ئه‌ڵمانیا

2,375 views 30 تشرینی دووه‌م 2016

Advert test

پڕۆفیسۆر د. سالار باسیره‌.. له‌حه‌ماڵییه‌وه‌ بۆ پله‌ی پرۆفیسۆريی له‌ئه‌ڵمانیا

پڕۆفیسۆر د. سالار باسیره‌ له‌په‌یجی تایبه‌تی خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك نوسیوه‌یه‌تی…

پله‌ی زانستیی پڕۆفیسۆریم پێدرا

كه‌مێك له‌مێژووی ژیانم و چیرۆكی خوێندنم، چیرۆكێك شایسته‌ی خوێندنه‌وه‌و هاندانه‌….

—————–

له‌پۆلی دووی سه‌ره‌تایی به‌ هۆی نه‌خۆشیه‌وه‌ سه‌ركه‌وتو نه‌بووم. له‌پۆلی شه‌شی سه‌ره‌تایش سه‌ركه‌وتو نه‌بووم و دوباره‌م كرده‌وه‌ و هه‌ر له‌و ته‌مه‌نه‌وه‌ خرابوومه‌ به‌ر ئیش و ڕۆڵی كه‌سێكی له‌ ته‌مه‌نی خۆم گه‌وره‌ترم ده‌بینیی. له‌ پۆلی یه‌ك و دووی ناوه‌ندییش (7 و 8) له‌ناوه‌ندی شۆڕش / سلێمانی بوومه‌ دوو ساڵه‌و سه‌ركه‌وتوو نه‌بووم، زۆرتر به‌هۆی ئیش كردنم له‌ دوكانه‌كه‌ی باوكم و نه‌بوونی بایه‌خدان پێم و كه‌مبوونه‌وه‌ی فاكته‌ری پالپێوه‌نه‌ر بۆ خوێندن و قوتابخانه‌و خراپی سیسته‌می په‌روه‌رده‌ش. له‌به‌ر گه‌وره‌یی خێزانه‌كه‌مان و له‌ پێناوی بژێوی ژیانی خێزانه‌كه‌، من وه‌ك كوڕی ته‌مه‌ن گونجاو ، باوكم به‌ زۆر له‌ قوتابخانه‌ ده‌ری هێنام و بوومه‌ ئیشكه‌ر و حه‌ماڵی دوكانه‌ بچكۆله‌كه‌ به‌قاڵیه‌كه‌مان و عه‌ره‌بانه‌ی شت گواستنه‌وه‌م پاڵ پێوه‌ ده‌نا .. دواتر چوومه‌ ناوه‌ندیی شه‌وان، باوكم په‌سه‌ندی نه‌كردو هێنامیه‌ ده‌ره‌وه‌. دوو ساڵ دواتر كه‌سێك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی پێی وتم ده‌توانم تاقیكردنه‌وه‌ی خارجی بده‌م بێ چوونه‌ قوتابخانه‌و ده‌وامی ڕۆژانه‌. چوومه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی ، ئه‌و كات به‌رامبه‌ر مزگه‌وتی گه‌وره‌ بوو. كتێبه‌كانم كڕی به‌ زمانی عه‌ره‌بی ، چونكه‌ خوێندنی ناوه‌ندی و دواناوه‌ندی ئه‌و كات به‌ عه‌ره‌بی بوو ، حه‌مالێكم گرت و كتێبه‌كانم برده‌ ماڵه‌وه‌. تاقیكردنه‌وه‌كانی پۆلی دووی ناوه‌ندیم به‌ خارجی ته‌واو كرد. دواتر كه‌وتمه‌ خۆئاماده‌ كردن بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی سێی ناوه‌ندی (پۆلی 9) ئه‌ویش به‌ دزی باوكمه‌وه‌. ڕۆژانه‌ له‌ دوكانه‌كه‌ماندا له‌سه‌ر زه‌رفی شت تێكردن ڕاهێنانم ده‌كردو باوكم به‌لایه‌وه‌ سه‌یر بوو بۆ ئه‌م هه‌موو شت نوسینه‌ له‌سه‌ر كیس و زه‌رفه‌كانه‌. له‌ ڕۆژانی تاقیكردنه‌وه‌كانم به‌ بیانویه‌ك ده‌رۆیشتم بۆ ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌كان/ له‌ دوو وانه‌ ئیكمال بووم ، له‌ دوباره‌ كردنه‌وه‌كه‌دا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووم. له‌ نوێوه‌ كه‌وتمه‌ خۆ ئاماده‌ كردن بۆ ته‌واو كردنی ئه‌و قۆناغه‌ بۆ ساڵی دواتر. مودیریه‌ی ته‌ربیه‌ به‌شداری كردنمی ڕه‌د كرده‌وه‌ و داوای شوناسنامه‌ی عێراقییان ده‌كرد لێم ، منیش نه‌مبوو چونكه‌ ئێمه‌ ته‌به‌عیه‌ی ئێرانی بووین و نه‌نكان و باپیرانم كاتی خۆی له‌ ڕۆژهه‌لاتی كوردستانه‌وه‌ هاتبونه‌ باشور و حكومه‌ته‌كانی عێراق هه‌رگیز ناسنامه‌ی عێراقییان پێ نه‌داین.

باوكم كۆڵنه‌دانی منی بینی…

باوكم كۆڵنه‌دانی منی بینی و چیتر هاته‌ سه‌ر خه‌ت و به‌ واسته‌و واسته‌كاری له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ ره‌زامه‌ندی به‌شداریكرنم له‌تاقیكردنه‌وه‌كان بۆ وه‌رگیراو ئه‌و قۆناغه‌شم بڕی. دواتر چوومه‌ قوتابخانه‌ی (7) نیسانی شه‌و به‌ زمانی عه‌ره‌بی. دوای ماوه‌یه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری قه‌تابخانه‌كه‌ ، كه‌ كه‌سێكی به‌عسی و عه‌ره‌ب و حیزبی بوو بێهیوا بوو له‌وه‌ی بۆچی من ناسنامه‌كه‌م ناده‌مه‌ ئه‌وان. هه‌رچۆنێك بوو ئه‌و قۆناغه‌شم بڕی.

بڕیاری جێهێشتنی عیراق…

نه‌بوونی ناسنامه‌ی عێراقی گرفتی زۆری بۆ دروست كردبووین و چیتر بێهیواو بێتاقه‌تیش بوبووم له‌ ژیانی ئه‌و ولاته‌م ، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی دوو جار له‌ فیرقه‌و ئه‌منی سلێمانی به‌ تۆمه‌تی سیاسی گیرام و لێدانیشم خوارد. بڕیارمدا سه‌ری خۆم هه‌ڵبگرم و به‌ پاسپۆرتی ئێرانی و سه‌رده‌می شا ، بێ پێویست بوون به‌ فیزه‌ له‌ ساڵی 1976 و له‌ ته‌مه‌نی 20 ساڵیدا ڕۆیشتمه‌ ئه‌ڵمانیا.. له‌ جنسیه‌و سه‌فه‌ری سلێمانی مۆله‌تی (10) ڕۆژم بۆ دانرا كه‌ ده‌بێت له‌و ماوه‌یه‌دا عێراق جێبهێلم گه‌رنا ته‌سفیر ده‌كرێم و بریاڕه‌كه‌ش گه‌ڕانه‌وه‌ی نه‌بوو. له‌ ولاتی دێرینی خۆت وه‌ك بێگانه‌ بژیت و بێ مافیش بكرێیت و زۆربه‌ی جار ئیقامه‌شیان بۆ درێژ نه‌ده‌كردینه‌وه‌و فه‌رمانی گرتنیان بۆ ده‌رده‌كردین… له‌ ئه‌ڵمانیاش په‌ناهه‌نده‌ییان پێ نه‌ئه‌دام و ده‌یانووت ده‌توانیت بگه‌رێیته‌وه‌ بۆ ئێرانی ده‌وڵه‌تی شاو دوای 16 ساڵ جنسیه‌ی ئه‌ڵمانیم پێدرا چونكه‌ به‌ پێی یاسایه‌كی كۆن ده‌بوایه‌ ئێران ئیسقات جنسیه‌م بۆ بكات كه‌ بۆیان نه‌ده‌كردم. بۆ یه‌كه‌مجاریش دوای 17 ساڵ توانیم بگه‌رێمه‌وه‌ كوردستان ، دوای ڕوخانی ڕژیِمی به‌عس.

ژیانی خوێندنم له‌ئه‌ڵمانیا….

له‌ ئه‌ڵمانیا كه‌وتمه‌ به‌ر كرێكاری و كاری قورس و چێشتنی ژیانی ته‌نیایی و بێكه‌سی و دوور له‌ خۆشه‌ویستی كه‌س و كار. بێ ئه‌وه‌ی كۆرسی زمان بكه‌م خۆم فێری ئه‌ڵمانی كردو دوای دوو ساڵ خۆم بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی خارجی تۆمار كرد. له‌ سه‌رجه‌م (8) تاقیكردنه‌وه‌ی شه‌فه‌هی و ته‌حریری جگه‌ له‌ دوو وانه‌ كه‌ نه‌ده‌چوومه‌ پێشه‌وه‌، سه‌ركه‌وتو بووم له‌وانی تردا. دواتر په‌یوه‌ندیم كرد به‌ چه‌ند دواناوه‌ندیه‌كی شه‌وانه‌ ، له‌ شاری بۆنی پایته‌ختی ئه‌و كاته‌ی ئه‌ڵمانیا له‌ پۆلی 12 وه‌رگیرام چونكه‌ پێشتر ئه‌و قۆناغه‌ی ترم بڕیبوو. خوێندنه‌كه‌م زۆر قورس بوو ، زۆربه‌ی كاته‌كه‌ش ده‌بوو له‌به‌ر كه‌می پاره‌ كار بكه‌م. ماوه‌یه‌ك شه‌وان دوای قوتابخانه‌ كارم له‌ كارگه‌یه‌كی ماسی و گیانله‌به‌ری ئاویی ده‌كردو پێنجی به‌یانی ده‌گه‌یشتمه‌وه‌ ماڵه‌وه‌و بۆگه‌نی ماسیم لێ ده‌هات و كه‌س له‌ پاسه‌كه‌دا له‌ ته‌نیشتمه‌وه‌ دانه‌ده‌نیشت.

دوای ته‌واو كردنی پۆلی 13 ی دواناوه‌ندی له‌ شاری بۆن ، له‌ زانكۆی ماربورگ / ئه‌ڵمانیا به‌كالۆریۆس و ماسته‌رم وه‌رگرت له‌ بواری زانستی سیاسیی و كۆمه‌لایه‌تی و ڕاگه‌یاندن ، ڕۆژانێكی ناخۆشیشم بینی چونكه‌ له‌و كاتانه‌دا به‌عس كه‌س و كارمی به‌ ده‌ستبه‌سه‌ری ده‌ركرد بۆ ئێران و ماڵ و موڵكمانی داگیر كرد. دوای ماوه‌یه‌كیش دایكی خۆشه‌ویستم به‌ ڕوداوێكی تراژیدی ماڵ ئاوایی لێ كردین كه‌ سالانێك بوو نه‌مدیبوو و نه‌متوانی پاداشتی شه‌ونخونیه‌كانی بۆم بده‌مه‌وه‌ ، ئه‌وه‌و چه‌ندین تراژیدیای تری خێزانیی.. له‌ شاری ڤوپه‌رتال بڕوانامه‌ی دوكتۆرام له‌ بواری زانستی سیاسه‌دا وه‌رگرت. له‌به‌ر نه‌بوونی مینحه‌ی خوێندن ده‌بوو به‌ رێگای كار كردنه‌وه‌ چاره‌ی بكه‌م و بژێوی ژیانیش په‌یدا بكه‌م … دواتر گه‌ڕامه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌ زانكۆی سلێمانی له‌ كۆلێژی زانسته‌ سیاسیه‌كان بوومه‌ مامۆستاو چوار ساڵیش جێگری ڕاگری كۆلێژه‌كه‌ بووم و هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا بوومه‌ پڕۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر و دوو جاریش له‌سه‌ر ڕه‌زامه‌ندی وه‌زاره‌تی خوێندنی بالا ڕۆیشتمه‌ ئه‌وروپا بۆ ئه‌نجامدانی پۆست دوكتۆراو نوسینی دوو كتێب. له‌به‌ر كه‌می موچه‌كه‌م شه‌وان له‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌ی ڕاگرایه‌تیه‌كه‌ ده‌خه‌وتم.. بارودۆخی ناله‌باری هه‌رێمی كوردستان و باری ناله‌باری زانستی و زانكۆ و شه‌ڕی مل شكاندن و به‌ حیزبی كردنی زانكۆكان و … چیتر دڵخۆش نه‌بووم به‌ مانه‌وه‌م و له‌گه‌ل خێزان منداله‌كانم ملی گه‌ڕانه‌وه‌م گرته‌وه‌ به‌ر بۆ ئه‌وروپاو له‌ نوێوه‌ ده‌بوو ژیان پێك بهێنینه‌وه‌.

دوا قۆناغی ئه‌كادیمیم….

پێش ماوه‌یه‌ك و دوای خه‌باتێكی زۆری زانستیی توانیم پله‌ی ( پڕۆفیسۆر) له‌ بواری زانسته‌ سیاسیه‌كاندا به‌ ده‌ست بهێنم.. هاوشان هه‌موو ته‌مه‌نیشم سه‌رقالی كاری سیاسی و نوسین و كوردایه‌تیش بووم بێ بیركردنه‌وه‌ له‌ هیچ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی ته‌سكیی كه‌سیی.

كۆڵ نه‌دان و نه‌فه‌س درێژیی پێویستیه‌كی ژیانه‌…

كۆڵ نه‌دان و ددان به‌خۆدا گرتن و نه‌فه‌س درێژیی پێویستیه‌كی ژیانه‌و بچوكترین تروسكایی به‌كاربهێنه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كانت و هه‌میشه‌ش مرۆڤ دۆستبه‌و خه‌سڵه‌ته‌ جوانه‌كانی ژیان مه‌دۆرێنه‌ ، وێنایه‌كی باشبه‌و پیشه‌كه‌ت و مه‌عریفه‌كانت بۆ خزمه‌تی مرۆڤایه‌تی بێت بۆ ئه‌وه‌ی ببیته‌ مرۆڤێكی به‌رهه‌مهێنه‌ر و ته‌ندروست و به‌ سوود.. هیوادارم ئه‌م چیرۆكه‌م هانده‌رێك بێت بۆ هه‌مووان.. ئه‌وه‌ی من به‌ ده‌ستم هێناوه‌ پله‌ی زانستی و ئه‌كادیمیه‌ ، به‌لام لای من گرنگه‌ كه‌سه‌ ئه‌كادیمیه‌كه‌ ڕۆشنبیریش بێت. له‌ كۆتایدا ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ش بلێم كه‌ دایك و باوكم هه‌ر وه‌ك نه‌نك و باپیرانم نه‌خوێنده‌وار بوون و له‌ خێزانێكی خوێنده‌وار و ئه‌كادیمیه‌وه‌ چاوم به‌ دونیا نه‌كه‌وتوه‌وه‌.

PUKmedia

Advert test