حكومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌یین رێــکه‌وتن بکه‌ین له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ ناردنی به‌شه‌ بودجه‌

1,171 views 2 كانونی یه‌كه‌م 2016

Advert test

حكومەتی هەرێمی كوردستان روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە لەبارەی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2017و ئامادەی ئامادەیی تەواوی خۆی دەربڕی بۆ دانوستان‌و گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی ناوەند بەمەبەستی رێككەوتن.

حكومەتی هەرێم ڕۆڵی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی عێراق بەرز دەنرخێنێت بە ئاراستەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێم و چاككردنی بار و گوزەرانی خەڵك، دەڵێت”بەڵام هەر هەوڵ‌و پڕۆژەیەك لەمڕووەوە پێویستی بە لێكۆڵینەوەو دیراسەی وردی شارەزایان هەیە لەسەر بنەمای داتاو ژمارەو سوود وەرگرتن لە ئەزموونی پێشووی دانوستان و گفتوگۆ و ڕێكەوتنامەكانی نێوان هەولێرو بەغدا”.

هاوكات حكومەتی هەرێم ئەندامانی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی عێراق بانگهێشت دەكات بۆ هەولێر بەمەبەستی خستنەڕووی تەواوی زانیارییەكان لەوبارەیەوەو هەڵبژاردنی باشترین بژاردە كە لەبەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندا بێت لەسەر بنەمای ژمارەو داتاكان.

دەقی رونكردنەوەكەی حكومەتی هەرێم

ڕوونكردنەوەیەك لە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە سەبارەت بە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی عیراقی فیدرالی ساڵی 2017دا

حكوومەتی عیراقی فیدرال ساڵانە بەبێ بەشداریپێكردن و ڕاوێژكردن لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانی، پڕۆژە یاسای بودجەی فیدرالی ئامادە دەكات و لە ئەنجومەنی وەزیران پەسەندی دەكات، دواتر ڕەوانەی پەرلەمانی فیدرالی دەكرێت، ئەمەش پێچەوانەی بنەماكانی فیدرالی، بەتایبەتیش هەردوو بنەمای بەشداری لە دەسەڵات و داهات بۆ بەرژەوەندیی تەواوی گەلانی عیراق هەروەك بە ڕوون و ئاشكرا لە ماددەكانی دەستووری عیراقی فیدرالدا چەسپێنراوە.

لە كاتێكدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕۆڵ و چالاكی و ماندووبوون و خەمخۆریی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی عیراق بەرز دەنرخێنێت بە ئاراستەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێم و چاككردنی بار و گوزەرانی خەڵك و فشاركردن لە حكوومەتی فیدرالی بۆ هەرچی زووتر خەرجكردنی شایستە دارایییە یاساییەكانی هەرێمی كوردستان،‌ بەتایبەتیش شایستەی داراییی مووچەخۆران كە مافێكی دەستووری و یاساییی هەرێمی كوردستانە، بەڵام هەر هەوڵ و پڕۆژەیەك لەمڕووەوە پێویستی بە لێكۆڵینەوە و دیراسەی وردی شارەزایان هەیە لەسەر بنەمای داتا و ژمارە و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی پێشووی دانوستان و گفتوگۆ و ڕێكەوتنامەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەراوردكردنێكی زاستییانە بە ژمارە لەنێوان بژاردەكان، بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی كرداری جێبەجێ بكرێت، چونكە ناكرێت هەرێمی كوردستان بخرێتە ژێر باری پابەندبوونێكی یاسایییەوە و لە كۆتاییدا لە بری قازانج بە زیانی خەڵكی هەرێم بشكێتەوە، بەتایبەتیش دەبێت پەرلەمانتارەكان زانیاریی ڕاست و دروستیان لەبەردەست بێت سەبارەت بە ژمارەی مووچەخۆران لە هەرێمی كوردستان و بڕی بودجەی پێویست بۆ دابینكردنی تەواوی ئەو مووچانە و بەراوردكردنی لەگەڵ خشتەكانی هاوپێچی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدرال. لەبەر ڕۆشناییی ئەم لێكدانانەوەش، ئەوەی لە بڕگەی ئەلیفی پڕۆژەی هەمواركردنەكەدا هاتووە كە بە داخەوە لە سەر لاپەڕەكانی سۆشیال میدیا بینرا، بەبێ ئەوەی لە ڕێگای كەناڵە فەرمییەكانی حكوومەتی هەرێمەوە ئاراستەمان بكرێت، نەك ناتوانێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دابین بكات، بەڵكو لە بەرامبەر 300 هەزار بەرمیل نەوتی تێكڕای ڕۆژانە، هەرێم مانگانە تەنها بڕی 317 ملیار دیناری بۆ دیاری كراوە، لە كاتێكدا بڕی بودجەی پێویست بۆ دابینكردنی تەواوی شایستەی داراییی یەك مانگی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كە ژمارەیان نزیكەی 1 ملیۆن و 400 هەزار مووچەخۆره،‌ نزیكەی 880 ملیار دینارە لە مانگێكدا، لەناو ئەم ژمارەیەش كۆی كارمەندانی هەرێم نزیكەی 730 هەزار كارمەندە و بۆ هەر مانگێك پێویستییان به بڕی‌ 685 ملیار دینار هەیە،‌ ئەمە جگە لە مووچە و بەخشینەكانی خانەنشینان و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان و قوتابیان و سوودمەندانی دیكەی چاودێریی كۆمەڵایەتی كە بە هیچ شێوەیەك لە پڕۆژەی هەمواركردنەكەدا‌ ئاماژەی پێنەدراوە.

بۆ ئەو مەبەستە و لەپێناو گەرەنتیكردنی دابینكردنی تەواوی شایستە داراییەكانی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەییی تەواوی خۆی دەردەبڕێت بۆ دانوستان و گفتوگۆی بەرهەمدار لەگەڵ حكوومەتی فیدرالی، ئەوەش دووپات دەكەینەوە كە لە بەرامبەر دابینكردنی تەواوی شایستە داراییەكانی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، حكوومەتی هەرێم ئامادەی ڕێككەوتنە لەگەڵ حكوومەتی فیدرال، بە پێچەوانەوە سەپاندنی هەر پابەندبوونێكی یەكلایەنە بەبێ هەبوونی ڕێككەوتنی هاوبەش، هەرێمی كوردستان ناچار بە جێبەجێكردنی ناكات. لێرەشەوە بەڕێزان ئەندامانی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی عیراق بانگهێشت دەكەین بۆ هەولێر بەمەبەستی خستنەڕووی تەواوی زانیارییەكان كە لە لایەن شارەزایانی دارایییەوە لە ئەنجومەنی وەزیران‌ بە وردی بەراورد كراون و هەڵبژاردنی باشترین بژاردە كە لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندا بێت لەسەر بنەمای ژمارە و داتاكان، بەتایبەتیش چینی كەمدەرامەتی مووچەخۆران كە بە هۆی بڕینی بەشە بودجەی هەرێمەوە لەلایەن حكوومەتی فیدرالی عیراقەوە زیانی زۆریان بەركەوتووە.

Advert test