ڕۆژانه‌ 5 که‌س له‌ دکتۆر و کارمه‌ند کاره‌کانیان به‌جێده‌هێڵن و کۆچ ده‌که‌ن بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات

2,336 views 26 كانونی یه‌كه‌م 2016

Advert test

د.میران محمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی ڕایگه‌یاند ” كۆچی به‌لێشاوی كارمه‌ندو دكتۆره‌كانیان كێشه‌ی بۆ دروستكردون له‌ئێستاشدا رۆژانه‌ چه‌ندین نوسراوی بۆدێت له‌لایه‌ن كارمه‌ندان‌و دكتۆره‌كانه‌وه‌ داوای موڵه‌تی بێموچه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌ویش به‌ناچاری واژو له‌سه‌ر موڵه‌ته‌كانیان ده‌كات، ده‌ڵێت “ده‌زانین موڵه‌ته‌كان بۆ كۆچكردنه‌، به‌ڵام ناتوانین به‌ری پێبگرین‌و ناچار موڵه‌تی بێموچه‌یان بۆ بكه‌ین”. به‌گوێره‌ی ئاماری فیدراسیۆنی سه‌رتاسه‌ری په‌نابه‌رانی عێراق، زیاتر 40 هه‌زار هاوڵاتی هه‌رێمی كوردستان كۆچی بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتكردوه‌، له‌ساڵی 2015دا زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی كۆچیان كردوه‌ چینی گه‌نج‌و هێزی كاری هه‌رێمی كوردستانبون له‌ناویاندا مامۆستاو دكتۆر، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی له‌ 2016 دا كۆچیانكردوه‌ زۆربه‌یان خێزانبون. به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی ئه‌وه‌ ناشارێته‌وه‌ كۆچی دكتۆره‌كان بۆشایی بۆ كه‌رتی ته‌ندروستی دروستكردوه‌ به‌تایبه‌ت له‌ئێشکگریدا، وتیشی “هۆكاری رۆیشتنی دكتۆره‌كان به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌یه‌‌، پاشان له‌وێ دكتۆره‌كان بڕوانامه‌كانیان وه‌رده‌گێڕدرێته‌ سه‌ر زمانی ئه‌و وڵاته‌و ئیمتیازی باش وه‌رده‌گرن ئه‌وه‌ش یه‌كێكه‌ له‌هۆكاره‌كانی رۆیشتن”. له‌گه‌ڵ كۆچی دكتۆره‌كان، مامۆستایانیش به‌لێشاو گورزێكی گورچكبڕیان له‌كه‌رتی په‌روره‌ده‌ی هه‌رێم‌ داوه‌، كه‌ به‌پێی زانیارییه‌كانی یه‌كێتی مامۆستایان كوردستان له‌ماوه‌ی ساڵی 2015 و 2016 دا ‌ 13 هه‌زار مامۆستا موڵه‌تی بێموچه‌ی وه‌رگرتوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ره‌و‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات كۆچ بكه‌ن‌.