ئه‌م ساڵ ژیانی خەڵــــكی كوردســـــــتان زۆر زۆر خراپ دەبێت

1,327 views 6 كانونی دووه‌م 2017

ئه‌م ساڵ ژیانی خەڵــــكی كوردســـــــتان زۆر زۆر خراپ دەبێت

عەلی حەمە ساڵح، جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لەپەرلەمانی كوردستان، رایگەیاند: پێشبینیكردن بۆ ساڵی 2017 قورسەو دوو دیوی هەیە، كە پێویستە هەردوو دیوەكەی بخوێنرێتەوە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی ساڵێكی قورسمان لەپێشە، لەبەرئەوەی ھیچ ئیرادەیەكی جدی نابینرێت بۆ چاكسازی لەكوردستاندا.

وتیشی: “ھەموو پێشبینییەكان وایە لەساڵی 2017دا نرخی نەوت لەنێوان 55 بۆ 60 دۆلار دەبێت، بۆیە ئەگەر توركیا، كۆمپانیا نەوتییەكان و ئەو بانكانەی حكومەتی هەرێم قەرزی لێكردوون، فشار نەخەنەسەر حكومەت بۆ وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانەو حكومەتی عیراق كێشە بۆ نەوتی كەركوك دروست نەكات و داھاتی نەوت بەڕێكوپێكی بهێنرێتەوە، ئەوكاتە دەتوانرێت موچە بەسیستمی كۆن و بەبێ پاشەكەوت بدرێت بەفەرمانبەران و موچەخۆران”.

بەوتەی عەلی حەمەساڵح، “ئەگەر لەدوای تەواوبوونی شەڕی موسڵەوە، عیراق چاوپۆشی لەفرۆشتنی نەوتی كەركوك نەكات و قەرزەكانی لەحكومەتی ھەرێم وەربگیرێنەوە، ئەوكاتە دۆخی ئابووری خەڵكی كوردستان زۆر زۆر خراپ دەبێت”.

جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری، ئاماژەی بەوەشكرد، حكومەتی هەرێم رایگەیاند پابەند نابێت بەیاسای بودجەی ساڵی 2017 ی عیراقەوە و لەلایەن لایەنەكانیشەوە هەنگاوی جدی نەبینرا، بۆیە ترسی ئەوەمان هەیە حكومەتی عیراق خەرجی حاكیمە ببڕێت، ئەوكاتە بەشەخۆراكی هاووڵاتیان لەبەغداوە نایەت و كێشە بۆ كڕینی گەنمی جوتیاران دروست دەبێت، كە ئەمەش مەترسی دیكەی بەدوادادێت.