لەسەدا 80 کارگەکانى داخراون

54 views 20 شوبات 2015

Advert test

شەرى داعش و قەیرانى برینى بودجەى هەرێمى کوردستان لەلایەن حکومەتى عێراقەوە ئابورى هەرێمى کوردستانى تووشى قەیرانێکى ئابورى قووڵکردوەتەوە بە جۆرێکى ئاستى کارکردنى کارگەکانى سنورى پارێزگاى سلێمانى دابەزاندووە خاوەنەکانیان ناچارکردووە ئیشى کارگەکانیان رابگرن و کارێکارەکانیان بنێرنە ماڵەوە, بەهۆیەوە نزیکەى نزیکەى لەسەدا هەشتاى کارگەکان داخراون.

سیروان محەمەد سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بە  ئاژانسی ئانادۆڵو راگەیاند “2014 ساڵێكی قەیراناوی بوو،  كە بەسەر هەرێمی كوردستان هات و رووبەڕووی چەند قەیرانێك بووینەوە ، حكوومەتی ناوەند بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی، دروستبوونی شەڕی داعش و داخستنی ڕێگاو بانەكانی نێوان هەرێم و شارەكانی دیكەی عێراق، لەگەڵ قەیرانی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا”.

سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئاماژەدەکات بەوەى “80 لەسەدی كارگەکان داخراون و جگە لە زیانەكانی كە بەسەدان ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت، هەزاران كەسیش بێكاربوون”. ساڵی 2013 پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان بەگشتی و سلێمانی بەتایبەتی پێشكەوتنی گەورەی بەخۆوە بینی و تەنها لەو ساڵەدا لە سلێمانی چوار ملیار دۆلار پیشەسازی كراوە، بە تایبەت لە بوارەكانی كارگەكانی چیمەنتۆ و خشت و دەرمان و كاغەز و بوتڵی خواردنەوە گازییەكان.”

ساڵی 2014 ئەو ڕێژەیە زۆر هاتەخوارەوە و بەهۆی ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەو بڕە پارەیەی تەرخانی كردبوو بۆ پێشخستنی كەرتی پیشەسازی نەیتوانی پابەند بێت پێوەی بە پێدانی ئەو بڕە قەرزە، ئەوەش بووە هۆی ڕاگرتنی كەرتی پیشەسازی و لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی زیاتر لە دوو هەزار و 300 كارگەی جۆراو جۆر تۆماركراوە.