165 ملیار دۆلارى گەشەپێدانى عێراق دیارنامێنێت

155 views 3 نیسان 2015

165 ملیار دۆلارى گەشەپێدانى عێراق دیارنامێنێت

165 ملیار دۆلارى گەشەپێدانى عێراق دیارنامێنێت  fasadd

به‌پێی راپۆرتێكی سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی گه‌شه‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی، له‌ماوه‌ی 6ساڵدا زیاتر له‌ 165 ملیار دۆلار له‌ سندوقی گه‌شه‌پێدانی عیراق  و له‌ بانكی ناوه‌ندی ئه‌و وڵاته‌ش بڕی زیاتر له‌ 16 ملیاردۆلار دیار نه‌ماوه‌و به‌ته‌نیا له‌ساڵی 2006دا بڕی نزیكه‌ی 50 ملیار دۆلار بۆ پاسه‌وان و پاراستنی به‌رپرسانی عیراقی خه‌رج كراون.

سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی گه‌شه‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ باره‌گاكه‌ی له‌ شاری له‌نده‌نه‌، له‌راپۆرتێكیدا باس له‌وه‌ ده‌كات، سندوقی گه‌شه‌پێدانی عیراق، كه‌ له‌ ساڵی 2003 به‌پێی بڕیاری 1483ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی دروست كراوه‌، بۆ دانانی  داهاتی نه‌وتی فرۆشراو، تا ساڵی 2009كۆی پاره‌ی مۆڵكراوی نێو سندوقه‌كه‌ گه‌یشتوه‌ته‌ 165دۆلار، به‌ڵام ئه‌و داهاته‌ ڕووبه‌ڕووی گه‌نده‌ڵی بوه‌ته‌وه‌.

به‌پێی هه‌مان راپۆرت، له‌ ساڵی 2003دا بڕی 17ملیار دۆلار و له‌ ساڵی 2010دا بڕی 40ملیار دۆلاری تر له‌و سندوقه‌ دیارنه‌ماوه‌ و تا ساڵی 2012  به‌هۆی كارگێڕیی خراپ و گه‌نده‌ڵی داراییه‌وه‌ داهاتی ئه‌و سندوقه‌ بوه‌ته‌ 18ملیار دۆلار و له‌2013شدا داهاته‌كه‌ بۆ  7ملیار دۆلار كه‌می كردوه‌، حكومه‌تی عێراقیش هیچ پاساوێكی بۆ دیارنه‌مانی11ملیار دۆلاری تری  ئه‌و داهاته‌  نه‌بوه‌و له‌ئێستادا ئه‌و سندوقه‌ به‌تاڵه‌. راپۆرته‌كه‌ی سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی گه‌شه‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی باسی له‌وه‌ش كردوه‌، یه‌ده‌گی بانكی ناوه‌ندیی عیراق له‌ ساڵی 2013دا بڕی 76.3ملیار دۆلار بوه‌، به‌ڵام دیسان ئه‌و پاره‌یه‌ش له‌ساڵی 2014دا بۆ نزیكه‌ی 68ملیار دۆلار كه‌می كردوه‌، له‌كاتێكدا بانكی ناوبراو ته‌ئكید له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ده‌ستكاری یه‌ده‌گی خۆی ناكات، چونكه‌ پاڵپشتی له‌ نرخی دیناری عیراقی ده‌كات.

وه‌ك له‌راپۆرته‌كه‌دا هاتوه‌، عیراق له‌مساڵدا به‌ قه‌یرانێكی ئابووری تونددا ده‌گوزه‌رێت، ئه‌ویش به‌هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وت و ئه‌و جه‌نگه‌ی كه‌ له‌ئارادایه‌، دیسان له‌كۆی 154ملیار دۆلاری زیاده‌ی بودجه‌ی ماوه‌ی نێوان 2006بۆ2014 ته‌نیا 5ملیار دۆلاری ماوه‌ته‌وه‌ و كورتهێنانی بودجه‌ی ئه‌مساڵی عیراقیش بوه‌ته‌ هۆی راوه‌ستانی ژماره‌یه‌كی زۆری پرۆژه‌كان. هاوكات له‌راپۆرته‌كه‌دا باس له‌وه‌ ده‌كات،  عیراق پێویستی به‌نزیكه‌ی 40ملیار دۆلاری تر هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ره‌بووی خه‌رجی ئاواره‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ زیان لێكه‌وتوه‌كانی پێبكاته‌وه‌و پێویسته‌ به‌غدا گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانی هه‌موار بكاته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ دواگۆڕانكارییه‌كانی بازاڕ بگونجێت و هه‌وڵدانیش بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هه‌نارده‌كردنی نه‌وته‌كه‌ی بۆ زیاتر له‌3ملیۆن به‌رمیل له‌رۆژێكدا به‌ر دابه‌زینی نرخی نه‌وت و موسته‌حه‌قاتی كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان ده‌كه‌وێت.

به‌پێی هه‌مان سه‌رچاوه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی وه‌به‌رهێنانی كۆمپانیا نه‌وتییه‌ بیانییه‌كان له‌ عیراق له‌ماوه‌ی نێوان 2011بۆ 2016 ده‌گاته‌ بڕی 147ملیار دۆلار، به‌ڵام به‌هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی داهاتی داراییه‌وه‌ خه‌رجی وه‌به‌رهێنانی خۆیان به‌رته‌سككردوه‌ته‌وه‌. له‌راپۆرته‌كه‌دا ئامۆژگاریی عیراق كراوه‌ به‌وه‌ی له‌ كه‌رتی غازیدا وه‌به‌رهێنان بكات و سووده‌ له‌ هه‌مه‌جۆریی سه‌رچاوه‌ی داهاته‌كان وه‌ربگرێت و خه‌رجیی كه‌رته‌ حكومییه‌كانیش كه‌م بكاته‌وه‌ و كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانیش پشكی زیاتریان له‌ گه‌شه‌پێدانی عیراقدا هه‌بێت. له‌ به‌شێكی تری راپۆرته‌كه‌دا هاتوه‌ خه‌رجیی پاسه‌وانی به‌رپرسه‌ عیراقییه‌كان دوو هێنده‌ی موسته‌حه‌قاتی نه‌وتین و به‌ته‌نیا له‌ ساڵی 2006دا عیراق بڕی 50ملیار دۆلاری بۆ پاسه‌وان و پاراستنی به‌رپرسه‌كان خه‌رج كردوه‌، ئه‌وه‌ش دوو هێنده‌ی موسته‌حه‌قاتی كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانه‌.